له‌كاتێكدا له رۆژئاوای كوردستان قۆناغی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام درا و له باشووری كوردستانیش ریفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سووریا ده‌ڵێ وڵاته‌كه‌ى ئاماده‌ى گفتوگۆیه له‌سه‌ر پێدانى حوكمی زاتى به رۆژئاواى كوردستان.
رۆژى هه‌ینى 22ى ئهیلوول، له ناوچه كوردستانییه‌كانى رۆژئاواى كوردستان قۆناغی یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردن بۆ دامه‌زراندن و راگه‌یاندنى فیدڕاڵیى رۆژئاواى كوردستان به‌ڕێوه چوو كه له مانگی مارسی ساڵى 2016 رایان گه‌یاندبوو، سێ هه‌رێمیان پێك هێنابوو، هه‌رێمى جه‌زیره كه شاره‌كانی (حه‌سه‌كه، باكوری رۆژهه‌ڵاتى كورستانی رۆژئاوا) ده‌گرێته‌وه، هه‌رێمى فوڕات (باكور و ناوه‌ڕاست، به‌شێك له پارێزگاى حه‌له‌ب و چه‌ند به‌شێك له ره‌قه) و هه‌رێمی عه‌فرین (باكوری رۆژئاوای و شاری حه‌له‌ب).
له قۆناغی یه‌كه‌مدا سێ هه‌زار و 682 كه‌س بۆ ده‌سته‌ى هاوسه‌رۆكى لیژنه ناوهخۆیییهكان هاتنه هه‌ڵبژاردن كه زیاتر له 12 هه‌زار كه‌س خۆیان كاندید كردبوو. بڕیاره قۆناغی دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان له سێى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێ و قۆناغی سێیه‌م و كۆتا له 19 كانوونى دووه‌می 2018 ئه‌نجام بدرێت، تێیدا ئه‌نجوومه‌نى گه‌لى دیموكرات (په‌رله‌مانى هه‌رێمی كه ده‌سه‌ڵاتى ده‌ركردنى یاسایی خۆجۆیی هه‌یه) بێته هه‌ڵبژاردن كه له هه‌مان رۆژ (كۆنگره‌ى گه‌لانى دیموكرات) بێته هه‌ڵبژاردن كه وه‌ك په‌رله‌مانى گشتى رۆژئاواى كوردستان ده‌كات كه ده‌سه‌ڵاتى داڕشتنى یاسا و ده‌ستنیشانكردنى سیاسه‌تى گشتى بۆ رۆژئاوای كوردستان ده‌بێت.
وه‌لید موعه‌لیم وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سووریا رای گه‌یاند، دروستكردنى حوكمی زاتی له ناوچه كوردییه‌كانى سووریا پرسێكه ده‌كرێت دانوستاندنی له‌سه‌ر بكرێت و گفتوگۆ بكرێت، ئه‌گه‌ر بڕیاری لێ بدرێت له چوارچێوه‌ى سنووری سووریادا بمێنێته‌وه.
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى سووریا له‌باره‌ى رۆژئاواى كوردستان له كاتێكدایه دوێنێ 25ى ئهیلوول هه‌رێمى كوردستان ریفراندۆمى بۆ جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام دا، هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى سووریاش هاوشانى هاوتا ئێرانییهكهى دژى ریفراندۆم بوو.