بەرشەلۆنە 30 ساڵە لەنێو خاكی پورتوگال نەدۆڕاوە

:: AM:11:28:26/09/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە بۆ ئەوەی سبەی چوارشەم لە گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو خاكی پورتوگال رووبەڕووی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە ببێتەوە.

دوایینجار كە یانەی بەرشەلۆنە لەنێو خاكی پورتوگال بەرامبەر یانەیەكی ئەو وڵاتە دۆڕا لە ساڵی 1987 بوو بەرامبەر یانەی پیلینینسیش بەگۆڵێكی بێ وەڵام، لەدوای ئەم رێكەوتەوە یانەكە 6 یاریی لەو وڵاتە ئەنجامداوە كە تێیدا 4 سەركەوتنی بەرامبەر یانەكانی بەنفیكا و سپۆرتینگ لیشبۆنە و پۆرتۆ و ڤیتۆریا بەدەستهێناوە، هەروەها تەنیا دووجاریش بەرامبەر یانەی بەنفیكا یەكسان بووە.

دوایین یاریی یانەی بەرشەلۆنە لە پورتوگال لە وەرزی 2012-2013ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بوو كە تێیدا بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی بەنفیكای بردبووەوە، گۆڵەكانیش لەلایەن سیسك فابریگاس و ئەلێكسیس سانچێز تۆمار كرابوون.

دوایین رووبەڕووبوونەوەی نێوان یانەی بەرشەلۆنە و سپۆرتینگ لیشبۆنە لە وەرزی 2008-2009 بوو كە تێیدا لەسەر خاكی پورتوگال بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو و لە یاریی گەڕانەوەشدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 3-1 گۆڵ یارییەكەی بردبووەوە.

یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تەنیا یارییەكی بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لەنێو یاریگەی كامپ نوو ئەنجامداوە كە تێیدا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، هەروەها یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەش لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولەكەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ لە یانەی ئۆڵەمپیاكۆسی یۆنانی بردبووەوە.

هەردوو یانەكە ئێستا 3 خاڵیان لە كۆمەڵەی چوارەمدا هەیە و بەجیاوازی گۆڵ ریزبەندی یەكەم و دووەمی كۆمەڵەكەیان گرتووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م