پەرلەمانی كڕواتیا: ڕێز لە بیروڕای خەڵكی كوردستان دەگرین

:: AM:11:31:26/09/2017 ‌

تۆڕی چاودێری بیانییەكان كە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كڕواتیا سەرپەرشتی دەكرد، بیروڕای خۆیان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و پاڵپشتی خۆیان ڕاگەیاند بۆ خەڵكی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بێرنا بۆرسیتیج جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كڕواتیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، وەك تۆڕی چاودێری بیانییەكان ڕای دەگەیەنین %72ی دەنگدەران كە مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان داوە، ئێمە سەردانی وێستگەكانی دەنگدانمان كرد، بینیمان ئافرەت و پیاو هەموو ئاینەكان دەنگیان دا و پێشمەرگە و سەرجەم پێكهاتەكان.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كرواتیا دەڵێت، ئێمە جارجار لە وێستگەكان وەستاین و سەردانمان كردن، وێستگەی دەنگدانی زۆر هەبوو بۆ كارئاسانی خەڵك، بۆیە ڕای دەگەیەنین كە هیچ فشارێك لە خەڵك نەبوو و كارەكان زۆر باش بوو.

لای خۆشیەوە بێرنەر كۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فڕەنسا دەڵێت، كورد و پێشمەرگە لەو هێزە كاریگەرانەی دژی چەكدارانی داعش دەجەنگان، بۆیە سوپاس و ڕێزیش لە دەنگ و ناخی ئێوەش دەگرین و من لەوە تێناگەم بۆچی دراوسێیەكان و فڕەنسا و بەریتانیا و ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆچی ئاوا بیر دەكەنەوە، بۆچی ڕێگرن لە ویستی خەڵك.

كۆشنەر ڕای گەیاند، بۆیە پەیمان دەدەین بەكورد كە 100 ساڵە بۆ جێبەجێكردنی پەیمانی سیڤەر كە دەبێت جێبەجێ‌ بكرێت، كورد شەڕیان كرد و پارێزگارییان لێ‌ كردین و شەڕیان بۆ كردین، ئێمەیان پاراست، ئێستەش پارێزگارییان لێ دەكەین و دەپرسین دوێنێ‌ ڕیفراندۆمیان كرد، ئایا هیچ ڕووی دا؟.

كۆشنەر لە كۆتادا گوتی، تاكە شت دەپرسم تەنیا من كورد نیم، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوو ببمە هاووڵاتییەكی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد