كاریكاتێر.. یاریزانێكی گیرۆنا چاودێری سەرجێی میسیش دەکات

:: PM:12:51:26/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی كاریكاتێرێكی لەسەر پابلۆ مافیۆی بەرگریكاری یانەی گیرۆنا بڵاو كردەوە كە لە یارییەكەی ئەم هەفتەیەی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە كاری تەنیا چاودێری لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بووە.

یانەی بەرشەلۆنە شەمووی رابردوو لە گەڕی 6ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی گیرۆنای بردەوە.

لەو یارییەدا مافیۆی بەرگریكاری یانەی گیرۆنا بە پلانی راهێنەر كاری تەنیا چاودێریكردنی میسی بووە و بە درێژایی 90 خولەك تەنانەت یەك خولەكیش لێی جیا نەبووەتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی كاریكاتێرێكی بڵاو كردەوە و تێیدا وەك گاڵتەیەك بە مافیۆ وا نیشانی داوە كە ئەو بەرگریكارە تەنانەت لەسەر سەرجێیش چاودێری میسی كردووە.

لە كاریكاتێرەكەدا میسی و ئەنتۆنێلای هاوسەری لەسەر قەروێڵەیەكی نووستن دەردەكەون و لەنێوانیشیاندا مافیۆ دەردەكەوێت.

میسی لە كاریكاتێرەكەدا بە مافیۆ دەڵێت "مافیۆ ئیتر یارییەكە تەواو بووە".



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م