گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر ئاسایی بووەتەوە

:: PM:01:14:26/09/2017 ‌

قایمقامی هەولێر ئاشكرای دەكات كە بایی شەش مانگ خۆراك لە كۆگەكانی شاری هەولێر هەیە و پێویست بە نیگەرانی ناكات، ئێستەش خۆراكی بازرگانی لە دەروازەكان دێتە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ڕای گەیاند، دوای دیدارمان لەگەڵ ژمارەیەك بازرگانی پایتەخت، بۆمان ڕوون بووەتەوە كە بایی شەش مانگ خۆراك و پێداویستی رۆژانەی خەڵك لە كۆگەكان بوونی هەیە و پێویست ناكات خەڵك نیگەران بێت.

قایمقامی ناوەند دەڵێت، ڕۆژانە بارهەڵگری بازرگانەكان لە رێی دەروازەكانەوە دەگاتە كوردستان بەبێ كێشە هیچ كام لە دەروازەكان دانەخراون، هەروەها هاتوچۆی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاسایییە و ئەمڕۆ چەندان فڕۆكە لەكات و ساتی خۆی گەیشتووەتە هەولێر.

نەبەز زیاتر گوتی، بەنزین كە نرخەكەی كەمێك گران بووبوو، ئەویش هۆكارەكەی هەندێ گرفتی تەكنیكی پاڵەوگەكان بوو، ئەویش چارەسەر كرا و لەمەودوا نرخی بەنزین دادەبەزێتەوە ئاستی جارانی.

دوێنێ‌ 25ـی ئەیلوول لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان خەڵك چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ بڕیاردان لە جیابوونەوە لە عێراق و بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ.



وشە - رامیار جەواد