له سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن و بۆ یه‌كه‌مجار، رێكخراوێكی بیانی له‌ڕێگه‌ی وه‌رزشه‌وه، لاوانی سنووره‌كه هۆشیار ده‌كه‌نه‌وه له مه‌ترسیییه‌كانی مین و تا ئێسته‌یش چه‌ندان خولی جیاوازیان له‌و بواره‌دا كردووه‌ته‌وه.
پێنجوێن /96كم باشووری رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی/ یه‌كێكه له ناوچه سنووریه‌كانی نێوان كوردستان و ئێران كه له‌لایه‌ن هه‌ردوو رژێمه‌وه مینڕێژ كراوه له شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌یان دا.
زانا ره‌حمان قایمقامی شارۆكه‌ى پێنجوێن، به"وشه"ى راگه‌یاند "به‌هۆی ئه‌وه‌ی سنووری پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری، تا ئێسته‌یش به ملیۆنان مینی تێدا ماوه كه مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی (عێراق – ئێران 1980-1988) ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه هێشتا مه‌ترسییه‌كانی مین له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان و به تایبه‌تیش به‌شێكی زۆری گونده‌كانمان ماوه.
زیاتر گوتی "به‌مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنوێنی و هۆشیاری زیاتر له‌باره‌ی رێگاكانی خۆپاراستن له مین، ئێسته له‌لایه‌ن رێكخراوی (رۆحی تۆپی پێ)ی نێوده‌وڵه‌تی، له هه‌وڵدان له رێگه‌ی وه‌رزشه‌وه، لاوان و منداڵ و وه‌رزشوانان، له سنووری شارۆكه‌كه‌مان، هۆشیار بكه‌نه‌وه له مه‌ترسییه‌كانی مین".
"تا ئێسته رێكخراوه‌كه چه‌ندان خولی تۆپی پێیان كردووه‌ته‌وه كه دواترینیان خولێكی تۆپی پێ بوو ئه‌مڕۆ سێشه‌م، یاریی كۆتای ئه‌نجام درا، كه بۆ هه‌شت تیپی تازه پێگه‌یشتوانی پێنجوێن، كرابووه‌وه" قایمقام وای گوت.
رێكخراوی رۆحی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی، ماوه‌ى زیاتر له 10 ساڵه دامه‌زراوه و وه‌ك رێكخراوێكى خێرخوازى خۆبه‌خش، په‌یامه مرۆڤییهكانى ده‌گه‌یه‌نێت به هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى كێشه‌یان هه‌یه و له‌و رێگه‌یه‌وه، خزمه‌تى زیاتر مرۆڤه‌كان ده‌كات.
وشه/ رێبین پێنجوێنی