پۆلیسی هاتوچۆ هەڵمەتێكی فراوان دەست پێ‌ دەكات

:: PM:05:01:26/09/2017 ‌
گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕای گەیاند، لە سبەینێوە هەڵمەتێكی پۆلیسی هاتوچۆ دەست پێ دەكات بۆ لابردنی سەرپێچیەكانی دەستكاری تابلۆ و لێدانی لۆگۆ لە ئۆتۆمبێلەكان.

ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئەیلوول، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەرجەم شوفێران ئاگەدار دەكەینەوە كە لە ڕۆژی 27ی ئەیلوول هەڵمەتیكی گەورەی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر دەست پێ دەكات بۆ لابردنی سەر پێچیەكانی دەستكار یكردنی تابلۆ و جامەكانی ئۆتۆمبێل بە لۆگۆ و ئاڵای كوردستان.

زیاتر گوتی، هەر كەسێك بەم سەرپێچییەوە بگیرێت ئەوە سزای توند دەدرێت و ڕەنگە هەندێك لە سەرپێچییەكان بگاتە یەك ملیۆن دینار سزا، بۆیە پێویستە شوفێران لەمڕۆوە تەواوی ئەو لۆگۆ و لەزگانە لێ‌ بكەنەوە.

گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ڕوونی كردەوە كە تەنیا هەڵواسینی ئاڵا لە تەنیشتی ئۆتۆمبێلەكان كە نەبێتە هۆی گرتنی جامەكان ئاساییە و بە پێچەوانەوە سەرپێچییە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لەماوەی مانگی رابردوو بەهۆی بانگەشەی ڕیفرانمدۆمی سەربەخۆی كوردستان زۆرێك لە هاووڵاتییان بۆ پشتیوانی سەربەخۆی كوردستان ئۆتۆمبێلەكانیان بە لەزگە و جوانكاری جۆرا و جۆر ڕازاندبۆوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم