ڤۆڵتێری ئەدیب و ڕووناکبیر

:: PM:06:35:26/09/2017 ‌

ناوی "فرانسوا ماری ئاروییە" كە دواتر ناسناوی (ڤۆڵتێر)ی هەڵبژاردووە، لە ٢١ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٦٩٤ی زایینی لە پاریسی وڵاتی فەرەنسا چاوی بە ژیان هەڵێناوە. خوێندنی لە قوتابخانەی "لویی گەورە" تەواو كردووە، لە ساڵی ١٧١٥دا هۆنراوەی لە دژی "فلیپی دووەم"ی بنەماڵەی "ئورلئان" نووسی، كە بووە هۆی دوورخرانەوەی لە فەڕەنسا، دوای ماوەیەك لێبوردنی بۆ دەرچوو، بەڵام جارێكیتر تاوانبار و زیندانی كرا. كەچی پاش ئازادكردنی لە زیندان، ژیانێكی خۆش و بەختەوەری هەبوو.

فڕانسوا ماری، ناسراو بە ڤۆڵتێر نووسەر، وتارنووس، شانۆنووس، هەقایەتخوان و شاعیر، مێژوونووس بووە. ئەو بڕوادار بە هەبوونی خودا هەبووە و بێبڕوا بە ئایین، فەیلەسووف و ڕۆشنبیری فەڕەنسایی زیاتر بەهۆی قسەخۆشی، بیرتیژیی و پارێزگاری لە ئازادییە مەدەنییەکان بە تایبەتیش ئازادیی ئایین و مافی دادگەییکردنی دادپەروەرانە، ناوبانگی دەرکردووە.

ڤۆڵتێر لە ساڵی ١٧٢٣دا، لەبارەی (هنری چوارەم) چەند هۆنراوەیەكی نووسی و بە ناوی (هونەریاد) بڵاوی كردنەوە، لە ساڵی ١٧٢٤ شانۆیەكی لە پاریس پێشكەش كردووە، لە ساڵی ١٧٢٥ بەهۆی هێندێك هۆكار ناچاربوو پاریس بەجێ بهێڵێت و ڕوو بكاتە بەریتانیا. لەم ماوەیەدا ئاشنایەتی لەگەڵ هێندێك شاعیری بەریتانی پەیدا كرد و هێندێك نووسینی بە زمانی بەریتانی بڵاو كردەوە.

ڤۆڵتێر لە ساڵی ١٧٢٩دا گەڕایەوە پاریس و تراژیدیای (برۆتۆسی) نووسی، لە ساڵی ١٧٤٨ شانۆی (سەمیرئەمیس)ی بۆ ڕكابەری لەگەڵ (كەرەبیون) پێشكەش كرد، لە ساڵی ١٧٧٦ ڕەخنەی لە شكسپیر گرت و هۆنراوەكانی (ئیرەن) (ئگاتۆكل)ی نووسیوە. لە توێژینەوەكانی ڤۆڵتێر دەكرێت ناوی (مێژووی ڕووسیا)، (وەشەنامەی فەلسەفی)، (ڕۆژگاری لویی چواردە)ی بێنین. ئەو سەرەڕای سانسۆڕی بەربڵاو و زۆڵمی یاسا نادادپەروەرانەکەی فەڕەنسا، پشتیوانێکی ڕاشکاوی چاکسازیی کۆمەڵایەتییە. ڤۆڵتێر فەیلەسووفێکی مشتومڕ و ڕەخنەیییە، کە زیاتر خەریکی ڕەخنەی توندگرتنە لە دۆگماتیزمی زاڵ بەسەر کڵێسە و دام ودەزگە فەڕەنسییەکانی سەردەمی خۆی.

ڤۆڵتێر لە ژیانی تایبەتیی خۆیدا سەرەڕای کتێب و وتار، خاوەنی گەلێک نامەی تایبەتییە، کە کۆی گشتییەکەی زیاترە لە ٢١ هەزار نامەیە. کەسایەتیی ڤۆلتێر لە ڕێگەی ئەو نامانەی کە نووسیویەتی بە شێوەیەکی باشتر شرۆڤەی دەکرێتەوە و دەناسرێت. هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە؛ وزە و کراوەیی بۆ گۆڕان، سەرنج نەدانە سەر بنەما ئەخلاقییەکان و بە بڕیاربوون بۆ گەورەکردنەوە و دوانە ئاخاوتن بۆ هەڵهاتن لە ڕەخنەی دوژمنان، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەوە. ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەندێشەی ئەدەبی، ئایینی و سیاسیی ڤۆڵتێر.

لەناو ژمارەیەكی زۆر لە فەیلەسووفەكانی ئەو سەردەمە، ڤۆلتێر، بە یەكێك لە بیریارە مەزنەكانی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرێت. كاتێك ناوی ئەو فەیلەسووفە دێت، ڕاستەوخۆ ناوێكی تر دیتە بیرمان ئەویش (کاندید)ـە، (رۆمانێكی تەنزئامێزە) كە بەیەكێك لە سەركەوتووترین كتێبەكانی جیهان دادەنرێت و ئەوە پیشان دەدات، كە ڤۆلتێر نووسەرێكی ڕۆشنگەر بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڤۆڵتێرهەموو نووسینەكانی ڤۆلتێر كاركردنە لەسەر ڕەتكردنەوەی: دەسەڵاتی ڕەها، دڵڕەقی مرۆڤ، جیاكاری، شەڕ و ... چەندان بابەتی تر. سەرەڕای ناوەڕۆكی نووسینەكانی بەكار بردنی (زمانی هەجوو=ساتیر) لەلایەن ڤۆلتێرەوە بەیەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ئەو فەیلەسووفە دادەنرێت، كە بەهۆیەوە توانی سەرنجی خەڵكی بۆلای خۆی ڕابكێشێت.

ڤۆڵتێر پێی وا بوو، لۆجیک، بیرکردنەوەی ستاندەرد و ڕێکخراودەکرێت جێبەجێ بکرێن، بەسەر تەواوی بوارەکان و چالاکییەکانی مرۆڤدا، لە ناویشیاندا کاروباری كوومی. ئەم تێگەیشتنە هانی بەرپرسانی زۆربەی بوارەکانی داوە، هزر و بیرۆکەکانیان، تەنانەت دوای ئەزموونێکی درێژ لە ناڕحەتی. وەک هەریەک لە فەیلەسووفانی پێش خۆی ڤۆڵتێر کاریگەریی بووە بە ژمارەیەک فەیلەسووفی پێش خۆی، ئەوانەی ڤۆڵتێر پێیان سەرسام بووە، وەک (نیوتن و لۆک). ڤۆڵتێر حەزی لەو تیۆرانە نەبووە، کە ئەزموون و تێبینیکردن، پشتڕاست کراونەتەوە، لەبەر ئەم هۆیەوە خۆی تیۆری دادەنا. هاوشێوەی مۆنتسیکۆ ڤۆڵتێر سەرسام بووە بە دامەزراوەکانی بەریتانیا، هەروەها سەرسام بووە بە یاسای لێبوردنی بەریتانی. ساڵی ١٦٨٩ نەبوونی چاودێرکردن لە بەریتانیادا.

ڤۆڵتێر ئاماژەی بەوە داوە، کە بەریتانیا سوودی لە فرەیی وەرگرتووە، بە بۆچوونی ئەو ئەگەر بەریتانیا خاوەنی یەک ئایین بوایە، ئەوە هەر بە ستەمکاری دەمایەوە. هەروەها ئەگەر بەریتانیا خاوەنی دوو ئایین بووایە، ئەوە هەردوو ئایین دەستیان دەنا بینەقاقای یەکتر، بەڵام بەهۆی بوونی زیاتر لە ٣٠ ئایین بەریتانیا بووەتە وڵاتی خۆشی و لە خۆشیدا دەژیێت. هەر وەک چۆن ڕووحی یۆنان بەخۆشی ژیاوە.

ڤۆڵتێر دژی هەموو جۆرە کۆیلایەتییەک بووە، هیواخواز بووە دەسەڵاتداران حوکمی خەلک بکەن و بە شێوەیەکی تۆلێڕانس و بەرژەوەندی خەڵکی بخەنە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە. ڤۆڵتێر لە 20ی مەی1778ی زایینی بەهۆی كار و ماندووبوونێكی زۆر، كۆچی دوایی كرد.



سەرچاوە/ المعرفە


وشە - ژیڤان خۆرانی