وێنە.. چیرۆكی ئاوارەكان لە سیناریۆی فیلمەكانی هۆڵیوود زۆر مەزنترە

:: AM:11:20:06/11/2016 ‌

دوای دەست پێكردنی جەنگی ڕزگاری مووسڵ، بەگوێرەی ئامارەكان رۆژانە بە هەزاران كەس ئاوارە بوون چیرۆكی ئەو ئاوارانە و وێنە و ڤیدیۆكانیان سەرنجی میدیاكانی دنیای ڕاكێشاوە، یەكێك لەو چیرۆكانەش كە كاریگەریی تەواوی دروست كردووە، ئەو خانەوادانەن كە بەشێكی ئەندامانیان لە 2014 لە مووسڵ ماونەوە و بەشێكیشیان هاتن بۆ كوردستان، شادبوونەوەی ئەوانە بەیەكتر لە نێو خەم و شادییەكی قووڵدا دیمەنی بزوێنەر و ویژدان هەژێنن، "رۆیتەرز" ئەو چیرۆكەی بە وردەكاری و وێنەوە خستە ڕوو.

ئاژانسی "رۆیتەرز" كۆمەڵێك وێنەی ئاوارەكانی بڵاو كردووەتەوە كە بەشێكیان باس لە خانەوادەیەك دەكەن، نیوەی ئەندامانی خانەوادەكە دوو ساڵ پێش ئێستە بەرەو كوردستان هەڵاتوون و مووسڵیان جێ هێشتووە لەو كاتەی كە داعش شارەكەی كۆنتڕۆڵ كردووە و نیوەی تریشیان هەر لە مووسڵ ماونەتەوە.

ئێستە ئەوان گەیشتوونەتە كەمپەكان و ئەندامانی تری خانەوادەكانیان دوای زیاتر لە دوو ساڵ و چوار مانگ بینیوەتەوە و فرمێسكی شادی و خۆشحاڵی بەچاوانیان دێتە خوار.

زیاد عزەدین یەكێك لەو ئاوارانەیە دەڵێ، ئەوانە ئەندامانی خانەوادەكەمن، باوەڕ بەمە ناكەم و ناتوانم هەست و ناخی خۆم بە وشە لەو چركەساتە دەرببڕم.

ئەو دەڵێ، نزیكەی دوو ساڵ و نیوە هیچیانم نەبینیوە، من لە مووسڵ بووم و نەمتوانی ماڵەكەمان جێ بهێڵم، لە ژێر زوڵم و زۆری داعش دوور لە ئەندامانی خانەوادەكەم ژیانمان لەژێر دەستی داعش گوزەراند.

ئەوان تا ئێستە رێوشوێنەكانی نیشتەجێكردنیان لە كەمپ تەواو نەكردووە، خانەوادەكانیان لە نێو كەمپەكەدان، لە تەلبەندی دەوری كەمپەكەوە یەكتر ماچ دەكەن و دەست لەملانەی یەكتر دەكەن.

ئەمڕۆ 20 رۆژ بەسەر دەست پێكردنی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ تێپەڕ دەبێ و هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژەتیرۆری عێراق توانیویانە لە هەموو لایەكەوە پێشڕەوی بەرچاو بكەن، تا ئێستەش لە میحوەری رۆژهەڵاتەوە سێ گەڕەكی بەشی چەپی شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دوا ئاماری ئاوارەكانی بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە تا ئێستە 22 هەزار كەس لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتی ڕزگاركردنی مووسڵ، ئاوارە بوون و تیرۆریستانی داعشیش هەزاران لە هاووڵاتییانی مووسڵ وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەهێنن.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە/رۆیتەرز.
















وشە - باز ئه‌حمه‌د