ساڵح موسلیم: پێویسته‌ وڵاتان ڕێز له‌ ڕیفراندۆم بگرن


هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتیی دیموكرات (په‌یه‌ده) ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، بڕیاری ڕیفراندۆم له‌ باشووری كوردستان ڕه‌وایه‌ و پێویسته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ وه‌ك چۆن بیر له‌ ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، بیریش له‌ ئاسایشی ئێمه‌ش بكه‌نه‌وه‌.

دوێنێ سێشه‌م ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده)‌ له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌می پارته‌كه‌ی له‌ شاری رمێلانی رۆژئاوای كوردستان له‌باره‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گوتی، ڕیفراندۆم له‌ باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، ئێمه‌ ڕێز له‌ ئیراده‌ی گه‌لان ده‌گرین، ماده‌م ئێمه‌ ڕێز له‌ بڕیاری هه‌موو كانتۆن و گوندێكی خۆمان ده‌گرین، ده‌بێ ڕێز له‌ بڕیاری ئه‌وانیش بگرین.

زیاتر گوتی، ئه‌وانه‌ی دێنه‌ سه‌ر كه‌ناڵه‌كان و ده‌ڵێن ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و توركیا و ئێران، ئێمه‌ پێیان ده‌ڵێین، ئێمه‌ش نابێ بیر له‌ پاراستنی ئاسایشی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌؟ ئایا هیچ كام له‌ ئێوه‌ بیرتان له‌ ئاسایشی ئه‌م میله‌ته‌ كردووه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی ڕۆژئاوا، ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ ئه‌وان پڕۆژه‌یه‌كی تۆكمه‌یان بۆ فیدراڵی له‌ سووریا ئاماده‌ كردووه‌ و پێویسته‌ وڵاتی سووریا به‌ وردی ته‌ماشای بكات پێش ئه‌وه‌ی تۆمه‌تمان بخاته‌ سه‌ر، چونكه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشت سووریایه‌.

ڕۆژی دووشه‌م (25ی ئه‌یلوول)، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به‌شدارییان له‌ ڕیفراندۆم كرد و به‌ پێی ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كان، ده‌نگی به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ ڕێژه‌یه‌كی فراوان سه‌ركه‌وتووه‌ و له‌ دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتا، كوردستان ڕوو له‌ دانوستانه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ به‌غدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ست پێ بكات.


وشە - كوردۆ شابان


PM:03:17:27/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 835 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌