دەنگی بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆيی كوردستان 92.73% بەدەست هێنا

:: PM:05:28:27/09/2017 ‌
دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوول، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامە فەرمی بەراییەكانی پڕۆسەكە و موژدەی سەركەوتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 27ی ئەیلوول، هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، موژدەی سەركەوتنی راپرسی سەربەخۆیی كوردستان ڕادەگەیەنین.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی كۆمسیۆن راسپێردرا و كۆمسیۆن بەرپرسیارییەتێكی مێژوویی گرتووەتە ئەستۆی و لە ماوەیەكی كورتدا توانی تەواوی ئامادەكارییەكان  رێك بخات.

ڕوونی كردەوە كە دڵنیام ئەنجامدانی پڕۆسەیەكی وا لە هەڵە و كەموكورتی بەدەر نییە، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی چاودێرەكان بێت پرۆسەكە بە گونجاوی بەڕێوە چووە.

هاوكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامە بەراییەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی بڵاو كردەوە كە بەم شێوەیەیە:

كۆی ژمارەی تەواوی دەنگدەرانی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و ئەوروپا بریتییە لە چوار ملیۆن و 581 هەزار و 225 دەنگ و لەو ڕێژەیە سێ‌ ملیۆن و 305 هەزار و 925 كەس دەنگی داوە، كە دەكاتە 72.16% كە دەنگ دراوە.

هاوكات كۆمسیۆن رای گەیاند كە ژمارەی دەنگی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی كوردستان بریتی بووە لە دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471، كە دەكاتە 92.73%ی دەنگەكان.

هاوكات ژمارەی دەنگی "نەخێر" بریتی بووە لە  224 هەزار و 468 دەنگ كە دەكاتە 7.27%.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم