%80 خەڵكی سلێمانی دەنگیان بە بەڵێ‌ داوە بۆ سەربەخۆیی

:: PM:01:58:28/09/2017 ‌

لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژرادن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ژمارەی دەنگدەرانی لە پارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەكات و %80ـی خەڵكی شارەكە دەنگیان بە بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، رێبین ئەبوبەكر بەڕێوەبەری‌ لقی‌ سلێمانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە كۆی‌ زیاتر لە ملیۆنێك كەس كە مافی‌ دەنگدانیان هەبووە، 663 هەزار و 603 دەنگیان داوە كە دەكاتە سەرووی لە سەدا پەنجا.

بەڕێوەبەری‌ لقی‌ سلێمانی‌ كۆمسیۆن دەڵێت، لەو ژمارەیە 631 هەزار دەنگی‌ دروست دراوە، زیاتر لە 25 هەزار دەنگی‌ پووچەڵ هەبووە، لە سەدا 80 دەنگەكان لە سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەبەڵێ دراون و لە سەدا 19 دەنگی‌ نەخێر بووە.

پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ڕۆژی دووشەم لە دوو هەزار و 13 بنكەی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان ئەنجام درا، 136 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی و 142 ڕاگەیەندكاری بیانیش ڕووماڵی پرۆسەكەیان كرد، لە 35 چاودێری نێودەوڵەتی كە وەكو تاك بەشداری پرۆسەكەیان كرد، بەگشتی 313 تیمی چاودێر و چاودێر و دەزگەی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی و 10 قەوارەی سیاسی و گرووپێك چاودێری و ڕووماڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كرد.



وشە - رامیار جەواد