مێردەكەی تەڵاقی دەدات و هاوسەرگیری لەگەڵ نزیكترین هاوڕێی دەكات

:: AM:09:30:30/09/2017 ‌

ژنێكی تەمەن ٢٦ ساڵ لە هەولێر دوای ئەوەی لەگەڵ مێردەكەیدا لە یەكێك لە زانكۆ ئەهلییەكاندا دەست بە خوێندن دەكەن، مێردەكەی پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ نزیكترین هاوڕێی دادەنێت و دواتریش  تەڵاقی دەدات. ئەو ژنە دەڵێت هیچ مافێكی خۆی و منداڵەكەشی نادات و ئەو ماڵەشی خۆیی دایناوە ئێستە مێردەكەی و هاوڕێكەی تێیدا دەژین.

یاران ئەو ژنەیە كە ماوەی چوار مانگە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە، لەگەڵ كوڕە تەمەن سێ ساڵەكەیدا لە ماڵی باوكی دەژیت، ئەو كە باری دارای زۆر خراپە و نە ماڵی باوكی ڕێ دەدەن كار بكات، نە باوكی منداڵەكەشی هیچ خەرجییەكی خۆیی و منداڵەكەی دەكێشێت و ئێستە دەستەوەستان ماوەتەوە. یاران چیرۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت تەمەنێكی كەمی هەیە، بەڵام هێندەی كەسێكی تەمەن 100 ساڵ ناخۆشی چەشتووە.

تەمەنم ٢٠ ساڵ بوو هاوسەرگیریم لەگەڵ (سەفین) كرد، زۆر یەكمان خۆش دەویست و ژیانێكی خۆشمان هەبوو، هەرچەندە هەردووكمان لە خێزانی داخراو بووین، بەڵام بەهەر شێوەیەك بێت هەوڵمان دا ژیانێكی تایبەتمان هەبێت، من خاوەنی 100 مسقاڵ زێڕ و ئۆتۆمبێلی خۆم بووم، هەموویم فرۆشت و خانووم كڕی و بە ناوی (سەفین)م كرد.

زیاتر دەڵێت، ماڵێكی خۆشم دانا و ژیانێكی جوانم دروست كرد بۆ هەردووكمان، خوا كوڕێكی پێ بەخشین، ژیانمان بەرەو باشتر دەچوو، میراتی خۆمم لە ماڵی باوكم وەرگرت و بڕیارمان دا بە پارەی میراتییەكە بخوێنین، بەڵام ئەو بڕیارە ژیانی تێك داین و من و كوڕەكەمی لەناو برد.

دوای ئەوەی دەچنە زانكۆ و هەردووكیان لە یەك بەش دەخوێنن، یاران لەگەڵ هاوپۆلێكیدا بەناوی دەریا دەبێت بە هاوڕێ، ئەو باس لەوە دەكات بەڕادەیەك متمانەی بە هاوڕێكەی بووە، هەمیشە لەگەڵ خۆی و هاوسەرەكەیدا بۆ هەموو شوێنێك بردوویانە، تەنانەت ڕێیان نەداوە تاكسی بگرێت، خۆی و مێردەكەی هاوتوچۆی ماڵ و زانكۆیان پێ كردووە.

لە قۆناخی یەكەمی زانكۆدا یاران هەست بە هیچ پێوەندییەكی شاراوە لە نێوان هاوسەرەكەی و هاوڕێكەیدا ناكات، تا كۆتای ساڵی دووەمی زانكۆ، لەلایەن چەند هاوپۆلێكیەوە لە هەڵسوكەوتی نامۆی مێردەكەی و هاوڕێكەی ئاگەدار دەكرێتەوە، بەڵام یاران بڕوا ناكات و هەمووان بە تێكدەری نێوانیان دادەنێت.

(یاران) نایشارێتەوە كە بێباكی و دڵپاكیی خۆی بەو ڕۆژەی گەیاندووە، چونكە ئەو ڕێی خۆش كردووە بۆ هاوسەرەكەی كە لەگەڵ هاوڕێكەیدا لە یەكتر نزیك ببنەوە، چونكە وەك خۆی باسی دەكات، لەلای دەریا هەموو كێشەكانی خۆی و مێردەكەی باس كردووە و ئەویش لە سوود وەرگرتن لەو خاڵە ناكۆكانە زیاتر لە هاوسەرەكەی نزیك بووەتەوە.

لە ساڵی سێیەمی زانكۆدا، پێوەندییەكەیان پەرە دەسێنێت، ئەم جارە یاران خۆی هەست بە گۆڕانكارییەكان دەكات، ئەوە دەڵێت هاوڕێكەم لە من زیاتر لەگەل مێردەكەمدا بوو بێ ئەوەی من بانگهێشتی بكەم دەهاتە ماڵـمان و دەمایەوە سەیركردن و جۆری قسەكردنیان زۆر جیاواز بوو، بە بیانووی وانە خوێندنەوە دەهاتە ماڵی ئێمە و لەوێ بەو جۆرە هەڵسوكەوتی دەكرد كە مێردەكەم دەیویست، بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ گومانەكەم گەورەتر دەبوو، بڕیارم دا بە دوای ڕاستیدا بگەڕێم.

یاران ئاماژە بەوە دەكات چەند جار بە ناڕاستەوخۆ  لەگەڵ مێردەكەیدا باسی ئەو بابەتەی كردووە، بەڵام مێردەكەی وا نیشانی داوە كە ئەو تەنیا (یاران)ی خۆش دەوێت و هاوڕێكانیشی لەبەر خۆشەویستی ئەو دەوێت و ڕێزیان دەگرێت، تا ئەو ڕۆژەی پێوەندییە نهێنییەكە بە شێوەیەك ئاشكرا دەبێت كە ئیتر حاشا لێكردنی نییە.

ئەو باسی ئەو ڕۆژە دەكات مێردەكەی و نزیكترین هاوڕێی لە ژووری نوستنەكەی لەسەر جێی خۆی دەبینێت و دەڵێت، ئەو ڕۆژە سەفین نەهات بۆ دەوام و گوتی لە دەرەوە كاری هەیە و تا ئێوارە ناگەڕێتەوە، لە دوای وانەی یەكەمیش دەریا ڕۆیشتەوە و گوتی میوانمان دێت دەبێت یارمەتی دایك بدەم، گومانم كرد، دڵم گوشرابوو و هەستی ناخۆشم هەبوو، هەرچەند پێوەندیم بە سەفینیشەوە دەكرد داخرابوو، بۆیە بە پەلە خۆم گەیاندە ماڵەوە، ئەوەی كەس پێشبینی ناكات، من بەچاوەكانی خۆم بینیم، مێردەكەم و نزیكترین هاوڕێم لەسەر شوێنی خەوتنەكەم بە ڕووتی بوون.

دوای ئەو ڕووداوە یاران دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی، سەفین پێی دەڵێت من خۆشم ویستووە و دەمەوێ بیهێنم، ئەگەر ڕازی بەوە دەتوانی بێیتەوە، ئەگەر نا تا دەمریت لەوێ بژی، یاران جیابوونەوە هەڵدەبژێرێت و لە دادگا منداڵەكە بە دایكی دەدرێت، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگا خەرجی (نەفەقە) منداڵ و ژنەكە تا ئەوكاتەی شوو دەكاتەوە لە ئەستۆی سەفینە، بەڵام یاران دەڵێت ئەو چوار مانگە هەرجارە و بە بیانوویەك خەرجییەكەیان بۆ نانێرێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د