سعوودیە.. كاركردنی ئەم كەسانە لە شوێنەكانی ئەزبەركردنی قورئان قەدەغە كرا

:: PM:03:22:06/11/2016 ‌

بە گوێرەی هەواڵەكانی كەناڵە میدیایییە لۆكاڵییەكانی سعوودیە، دوێنێ شەموو، وەزارەتی كاروباری ئیسلامی و ئەوقاف و بانگەواز و رێنوێنیی ئەو وڵاتە، بڕیاری داوە بە قەدەغەكردنی كاركردنی هەموو ئەو كەسە ناسعوودییانەی لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە لە كۆمەڵەكانی تایبەت بە ئەزبەركردنی قورئان كار دەكەن.

بە گوێرەی بڕیارەكەی ئەو وەزارەتە، لە مەودوا بێجگە لە كەسانێكی دیاریكراو نەبێت، كە لە رووی تەناهییەوە قبووڵ كراون، هیچ كەسێكی تری بیانی و ناسعوودی مافی ئەوەی نییە لەو وڵاتەدا وەك مامۆستا لە بواری پێ ئەزبەركردنی قورئان بە خەڵك كار بكات.

ئەو سەرچاوە میدیایییانەی ئەو هەواڵەیان گواستووەتەوە، هۆكاری سەرەكی و راستەقینەی پشت ئەو بڕیارەیان ئاشكرا نەكردووە و هیچ زانیارییەكیان لەوبارەیەوە نەخستووەتە ڕوو.

سعوودیە، یەكێكە لە وڵاتە ئاینییە ئیسلامییەكان، لە شێوازی حوكمڕانییەكەیدا فۆرمی حوكمڕانیكردنی ئیسلامییانە باڵادەستە و تێیدا گرنگییەكی زۆر بە پابەندكردنی خەڵك دەدرێت بە ئاینی ئیسلام و بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە سەرەتای تەمەنەوە كار لەسەر منداڵان دەكرێت.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی