زیاتر لە 800 ئێرانی نیازیان هەبووە بە ڤیزەی ساختەوە بۆ رێوڕەسمی "10ی موحەڕەم" ساڵڕۆژی كوژرانی حوسێن، ئیمامی سێیەمی شیعەكان بگەنە كەربەلا، لەسەر سنوور رێگەیان لێ گیراوە.
ئەمڕۆ دووشەم، 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی حەجی ئێران بە ماڵپەڕی فەرمی ئێران "ئیرنا"ی راگەیاند، نزیكەی هەزار هاووڵاتیی ئێرانی بە ڤیزەی ساختەوە لە سنووری عێراق گیریان كردووە و رێگەی چوون و گەڕانەوەیان لێ گیراوە.
زیاتر روونی كردەوە، ئەو هاووڵاتییانە لە رێگەی نووسینگە نافەرمییەكان لە تاران و ئیسفەهان هەوڵیان بۆ وەرگرتنی ڤیزەی عێراق داوە و نووسینگەكانیش فێڵیان لێ كردوون و ڤیزەی ساختەیان لە پاسەپۆرتەكانیان داوە.
لەدوای روخانی رژێمی بەعس و بەتایبەت لە ساڵی 2005 بەملاوە، ساڵانە لە مانگی موحەڕەم و سەفەر بۆ یادكردنەوەی ئیمامی یەكەم و سێیەمی شیعەكان هاووڵاتییانی ئێران بە لێشاو دێنە ناو خاكی عێراقەوە و بەرەو كەربەلا و نەجەف بەڕێ دەكەون.
هاووڵاتییانی شیعەی ئێران بۆ وەرگرتنی ڤیزەی 10 رۆژی 40 دۆلاری ئەمەریكی دەدەن و لە ڤیزەكە رێكەوتی چوون و گەڕانەوەكەیش دیاری دەكرێت.
ئەو كەسانەی لەلایەن سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی حەجی ئێرانەوە بە "خەڵەتێندراو" ناو براون، ویستوویانە بە پارەیەكی كەمتر لە 40 دۆلار ڤیزە دەربكەن.
ساڵانی رابردوو لە رێوڕەسمی چلەی عەلی، ئیمامی یەكەمی شیعە و چوارەم خەلیفەی سونەكان، بە سەتان هەزار هاووڵاتیی ئێرانی، بەبێ ڤیزە و بە پێ روویان كردە سنووری عێراق و بەو هۆیەوە سنووری میهران داخرا.
وشە/ئیرنا. BBC- هیدایەت جان