سەرباری رێككەوتنی پێشمەرگە و یەكێتی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ جووڵەنەكردنی هێزی هەردوولا بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكتر لە سنوری ناوچە كوردستانییەكانی سەر بە پارێزگای دیالە، بەڵام حەشدی شەعبی سنووری رێككەوتنەكە دەبەزێنێ.
ژمارەیەك لە گوندنشینانی گوندەكانی سنووری شارۆكەی خانەقین، تایبەت "وشە"یان لەوە ئاگەدار كردەوە، لەم شەوانەدا ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی هاتوونەتە سنووری گوندەكەیان و ترس و دڵەڕاوكێیان لای هاووڵاتییان دروست كردووە و كە لە سەرەتاوە بە داعشیان زانیون.
بۆ پاراستنی گیانیان، گوندنشینان نەیانویست ناویان بڵاو بكرێتەوە، یەكێك لە كەسایەتییەكانی گوندی "كتنی ماسی" ئەوەی بۆ "وشە" ئاشكرا كرد، چەكدارەكان ئاڵای رەنگاوڕەنگیان پێ بووە، بۆیە كە بینیومانە ئاڵای كوردستان نییە، هەستیان بە مەترسی كردووە.
باسی لەوەش كرد: خەڵكی ئەو گوندانە سەرجەمیان لە ماڵەوە خۆیان شاردووەتەوە.
لە پاش 23ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2014 وە بەپێی رێككەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و بەرپرسانی یەكێتی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، دەبێت چەكدارەكانیان نەچنە گوڵاڵە، شارۆكەی خانەقین و سنووری خانەقین، هاوكات چەكدارانی پێشمەرگە و پارتە كوردستانییەكانیش نەچنە شارەدێی "سەعدیە" تا ئەو كاتەی رێككەوتنی تر دەكرێ.
لای خۆشیەوە، ئەحمەد زڕگووشی بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە، بە "وشە"ی گوت: بەپێی ڕێككەوتنەكە ناتوانین بچینە ئەو شارە و ناشزانین كەی پێشمەرگە دەتوانێ بچێت.
مەجید مەندەلاوی یەكێك لە فەرماندەكانی سەر بە باڵی سەربازی بەدر بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هێزی ئەوان بۆ گەڕان بەداوی تیرۆریستاندا لەو شەوانەدا چووەتە سنووری خانەقین.
راشی گەیاند، هەرچەند سنووری ئەوان نەبووە و پاشتر گەڕاونەتەوە بۆ سنووری سەعدیە و ناوچەكەیان بەجێ هێشتووە.
لە پاش مانگی 6ی 2014 وە كە داعش سەری هەڵدا و بە دوو مانگ پاش ئەو كاتە، هێزەكانی حەشدی شەعبی هاتوونە ناوچە كوردستانیەكان كورد و سونەی عەرەب هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژین بەهۆكاری سەرەڕۆیی و مەترسییەكانی ئەو گرووپەوە.
گەرمەسێر/ سەبری هۆرینی