دوای سەربەخۆیی یانەی بەرشەلۆنە چی بەسەر دێت؟

:: PM:10:39:01/10/2017 ‌

ئەمڕۆ دەنگدەرانی هەرێمی كەتەلۆنیا روویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد بۆ دەنگدان بۆ  سەربەخۆییان لە ئیسپانی، ئەوەش لەناو بەرهەڵستكاریەكی توندی حكوومەتی ئەو وڵاتە بە رێگرتن لە پڕۆسەكە بە زەبری هێز و داننەنان بە ریفراندۆمەكە، لێرەدا بواری وەرزشی و كارتێكردنی بەو پرسەوە بەدوور نییە، چونكە زەبەلاحی تۆپی پێی دنیا كە یانەی بەشەلۆنەیە دەبێتە بەشێك لەو جیابوونەوە و خواستی ملیۆنان هاندەر و هەوادارانی دەجوڵێنێت لەگەڵ جوڵانەوەی پێگەی ئەو یانە لە ئیسپانیادا.

لە نێو ئەو دۆخە سیاسییە گەرمەدا پرسیارێك خۆی دیار دەخات، ئەویش ئەوەیە كە ئاخۆ لە كاتی جیابوونەوەی كەتەلۆنیا یانەی بەرشەلۆنە لە چ خولێكدا یاری دەكات و چارەنووسی یانە وەرزشییەكانی كەتەلۆنیا چیان بەسەر دێت؟، بەو هەموو ئەستێرانەی ساڵانێكە میژوویان لەناو هەڵبژاردە و یانەكانی ئیسپانیا دروست كردووە.

جیرار فلۆراس وەزیری وەرزش لە حكوومەتی كەتەلۆنیا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و روونی دەكاتەوە كە یانەكانی كەتەلۆنیا لە كاتی جیابوونەوەی خواستی یاریكردنیان لە خولی ئیسپانیادا نییە، ئاماژەی كرد كە لە كاتی هەڵبژاردنی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەت ئەوكات یانەكانی كەتەلۆنیا و دیارترینیان بەرشەلۆنە و ئیسپانیۆل و جیرۆنا لە خولی ئینگلیزی یان ئیتاڵیا وەیا فڕەنسا یاری دەكەن و دووپاتی كردەوە كە فیفاش بەوە نارازی نییە.

زیاتر گوتی، چەند یانەیەك هەن كە لە خولەكانی تر یاری دەكەن وەك یانەی ئەمارەتی مۆناكۆ كە لە خولی فڕەنسا یاری دەكات و ویڵز كە لە خولی ئینگلیزی یاری دەكات و هەروەها یانەی ئەندۆرا خۆ لە خولی ئیسپانیا یاری دەكات كە ئەمارەتێكی سەربەخۆیە و دەكەوێتە بەرزاییەكانی برانس لە نزیك ئیسپانیا و فڕەنسا.

هەرچی یانەی بەرشەلۆنەیە تا ئێستە بە فەرمی هیچی لەو بارەوە رانەگەیاندووە لەبارەی ئەو خولەی یاری تیادا دەكات لەكاتی جیابوونەوەی كەتەلۆنیا، بەڵام رەخنەی لە سیاسەتی سەركوتكارانەی مەدرید بۆ هەرێمەكەیان گرت و دووپاتی لەوەش كردەوە كە پاڵپشتی لە پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەكات، لەو كاتەی ژمارەیەك لە یاریزانەكان بیرۆكەی سەربەخۆییان كرد وەك جیرارج پیكێ. 

لەلایەكی تر هەواڵەكان باسی سزادانی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا دەكەن ئەگەر هاتوو یانەی بەرشەلۆنە لە خولەكە دەربكات، بەڵام سەربەخۆبوونی هەرێمەكە بە فەرمی و دامەزراندنی دەوڵەتی كەتەلۆنیا و دانپێدانانی بە فەرمی وا دەدات كە تیمە وەرزشییەكانی بكەونە دەرەوەی كێبەركێ وەرزشییەكانی ئیسپانیا بەشێوەیەكی فەرمی.

هەڵبژاردەی یەكەمی ئیسپانیا لە مێژووەوە چەندان ئەستێرەی كەتەلۆنیای لەخۆ گرتووە كە مێژوویان دروست كردووە، لەوانەش چاڤی هێرناندێز و ئەندریاس ئێنیستا و پیكێ و سێرجی بۆسكیچ و ڤیكتۆر ڤاڵدێزی گۆڵپارێز و پیۆڵ و پیپ گواردیۆلا و زامۆڕای گۆڵپارێزی مێژوویی و تامادۆ و پاولینیۆ ئەلكانترا و خوان كابدیفیلا و ئەلبیرتۆ لۆكی و سێرجیۆ گارسیا و هیتریش. 

ماوەی نێوان 2008 تا 2012 باشترین ماوەی كاروانی وەرزشی یاریزانانی كەتولۆنیا بووە كە بەشداری كاروانی دەستكەوتەكانی هەڵبژاردەی ئیسپانیایان كرد لە رێگەی بەدەستهێنانی چامی نەتەوەكانی ئەوروپا لە 2008 و 2012 و جامی جیهان لە 2010، ئەو كاتەی كارلۆس پیۆڵ و جیرارد پیكێ و سێرجیۆ بۆسكیچ و جۆردی ئەلبا و چاڤی هێرناندیس و ئەندریاس ئێنێستا و سیسك فابریگاس و ڤیكتۆر ڤاڵدێزی گۆڵپارێز لەو هەڵبژاردە یاریان دەكرد.

بە رەچاوكردنی چارەنووسی هەرێمەكە و خواستەكانی بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا، پرسیاری ئەوە دەكرێت كە كێن ئەو یاریزانانەی كە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ ریزەكانی هەڵبژاردەی كەتەلۆنیا لەدەستیان دەدات.

لە كەتەلۆنیا هەڵبژاردەیەكی ناوەخۆیی هەیە كە تەنیا بەشداری لە یارییە دۆستانەكان دەكات و ساڵانە یەك یاری دەكات و یاریزانەكانیش لە یانەكانی بەرشەلۆنە و ئیسپانیۆل و خیرنا و چەند یانەیەكی تری ناوەخۆیی هەرێمەكە دێن.

لای خۆیەوە گواردیۆلای راهێنەری ناوداری كەتەلۆنی و یانەی مانجستەر سیتی ئێستە دووپاتی كردەوە كە ئەو لە رێگەی ئیمێڵەوە دەنگی لە راپرسییەكە داوە و گەلی كەتەلۆنیا دەیەوێ خواستی خۆی دەرببرێت، بۆیە پێویستە هەمووان دەنگ بدەن و دەسەڵاتدارانیش ئازادی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمەكە فەراهەم بكەن.

زیاتر گوتی، رێگەیەكی باشتر لە ریفراندۆم نییە بۆ ئەوەی خەڵكی بۆچوونی خۆی پێ دەرببرێت كە چیترمان ناوێت بێجگە لە رێگەدان بە دەنگدان. شایەنی باسە گواردیۆلا یەكێكە لە پاڵپشتیكارە سەختەكانی سەرەبەخۆیی كەتەلۆنیا و پێشتریش پاڵپشتی لە ئەنجامدانی پڕۆسەكە كردبوو، ئەو باسی ئەوەی كرد كە ئەگەر كەتەلۆنیا پێشتر سەربەخۆ بووایە ئەوە لەو هەڵبژاردە یاری دەكرد، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ماوەیەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری دەكرد. 

سەرچاوە: بەغدا تودەی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل