مەسروور بارزانی: جەنگ لەدژی داعش درێژخایەن دەبێت

:: PM:06:12:06/11/2016 ‌

مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە پێشبینی بەرگرییەكی سەختتری داعش بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی مووسڵ دەكەن و دووپاتی كردەوە جەنگ لەدژی داعش تەنیا سەربازی نییە، بەڵكو ئابووری و ئایدیۆلۆجیشە.

لە 17ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو جەنگی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ بە بەشداری هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پاڵپشتی ئاسمانی و لۆجیستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەستی پێ كرد.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم رای گەیاند كە ئەگەر داعش لە مۆڵگەی سەرەكی لە مووسڵیش وەدەر نرا ئەوە بەس نییە بۆ لەناوبردنی رێكخراوەكە و ئەو لەسەر ئایدیۆلۆجیایە توندڕۆكەی بەردەوام دەبێت. 

زیاتر گوتی، جەنگ لەدژی داعش درێژخایەن دەبێت و تەنیا جەنگێكی سەربازی نییە، بەڵكو ئابووری و ئایدیۆلۆجیاییە و دووپاتی كردەوە كە لە جەنگی مووسڵ كە بەر لە سێ هەفتە دەستی پێ كردووە داعش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو و گازەكانی كلۆر و خەردەل لە رێگەی تۆپە دوورهاوێژەكان و قەناسەی پێشكەوتووی بەكار هێناوە.  

ئەو روونی كردەوە كە پێشبینی دەكەن كە هێزەكانی عێراق بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئازادكردنەوەی سەنتەری مووسڵ رووبەڕووی بەرگرییەكی سەختتری داعش ببنەوە لەوانەش ئەگەری كەوتنە ناو تەڵەی بۆمبڕێژكراو كە رەنگە گەڕەكێك بە تەواوەتی بتەقێنێتەوە.

هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵێكی سەرەكی لە ئازادكردنەوەی دەروبەری مووسڵ و گەمارۆی شارەكە هەبووە و توانی لە كاتێكی دیاریكراو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و زیانی گەورەی گیانی لە داعش بدات و دەیان گوند و ئاوەدانی ئازاد بكاتەوە.

چەند رۆژێكە هێزەكانی عێراق بەتایبەتی لە بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ چوونەتە ناو گەڕەكەكانی بەری چەپی شارەكە و توانوویانە ژمارەیەك گەڕەك ئازاد بكەنەوە، هەر ئەمڕۆ لە قۆڵی باكوری مووسڵ چوونە ناو شارەكە هاتە راگەیاندن.

سەرچاوە: رۆیتەرز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل