حكوومه‌تی هەرێم پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان دەكات

:: PM:06:59:06/11/2016 ‌
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك لە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگیری و پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە و وەزیری دارایی بەوەكالەت بەڕێوەچوو، تیایدا بایكۆتی مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و كێشە و بەربەستەكانی كەرتی پەروەردە هاته‌ تاوتوێكردن.

لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە وێنەیەكی بۆ "وشە " نێردراوە تیایدا داوا له‌ مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات بایكۆت بشكێنن و بچنەوە دەوامی خۆیان. هاوكات دڵنیاییش ده‌داته‌ مامۆستایان كه‌ ئه‌م دۆخ و قەیرانە چارەسەر دەبێت.

دەقی راگەیێندراوەکە..
ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی (۲٠۱٦/۱۱/٦)ی زایینی، كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و بریكاری وەزارەتی دارایی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕەوشی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان و پڕۆژە و كار و بەرنامەكانی وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی ڕێكخستنەوەی پەیكەری وەزارەت و میلاكات و خەرجی و داهاتەكان و خوێندنی پیشەیی و بە ئەلیكترۆنیكردنی وەزارەت تاوتوێ كران. 

هەروەها بابەتی بایكۆتی خوێندن لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و ماف و سەختی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان یەكێكیتر بوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە كە تیایدا باس لەوە كرا حكومەتی هەرێم هەوڵ دەدات لە دەرفەت و زیادبوونی هەر داهاتێكی تری خۆی، باشتركردنی باری دارایی مامۆستایان لە ئەولەویەت دابنێت و هەروەها هەوڵی وەزارەتی پەروەردە بۆ دابینكردنی بڕە هاوكارییەك بە ناوی هاتووچۆ لە ڕێكخراوە بیانییەكان لەم مانگەوە و هەر هەوڵێكیتر لەلایەن ڕێكخراو و لایەنە سیاسییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام لەم سنوورە بە ئەرێنی هەژمار دەكات.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا پێداگری لەسەر دڵسۆزی مامۆستایانی خۆشەویست بۆ پرۆسەی خوێندن و ئایندەی منداڵانی كوردستان كە هاوشانە لەگەڵ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی بەرگری بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی كوردستاندا كرایەوە و داوایان لێ كرا كە بایكۆت بشكێنن و بچنەوە دەوامی خۆیان، چونكە دڵنیایان دەكەینەوە كە ئەم دۆخ و قەیرانە چارەسەر دەبێت، بەڵام لە بەرامبەردا درێژەدان بەم دۆخەی پەروەردە لەم سنوورانە دەبێتە هۆی دواخستنی ساڵی خوێندنی (۲٠۱٦ ـ ۲٠۱۷) لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و بەمەیش ساڵێكی تەمەن و خوێندن لە قوتابیان و خەڵكی كوردستان بەفیڕۆ دەچێت كە پڕكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی مەحاڵە.
وەزارەتی پەروەردە۲٠۱٦/۱۱/٦
هه‌ولێر / رامیار جواد



وشە - عه‌لی سدیق