لەگەڵ دیاریكردنی وادەی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان، كۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێكی میدیایی بەرفراوانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەست پێ كرد و وێڕای نزیكبوونەوەی 25ی ئەیلوول، زۆربەی بەرپرسانی سیاسیی و سەربازی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەكانیان لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ریفراندۆم توندتر كرد، بەڵام ئەوە لەلایەن كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بێ وەڵام بەجێ نەهێشترا.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە هەڵمەتێكی پێچەوانە لەلایەن كوردانی ناوخۆی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانیكردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی باشوووری كوردستان وەك بەرپەرچدانەوەی میدیاكانی رژێمی ئێران دەستی پێ كرد، كۆمەڵێك كەسایەتیی ئاكادیمی و سیاسیی بە نووسینی وتار بۆ ماڵپەڕە فارسیییەكان و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گرنگییەكانی ریفراندۆمیان بۆ رای گشتی روون كردەوە، كۆمەڵگەی رۆژهەڵات كە پێشتر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردییان ئەزموون كردبوو، بۆ پشتیوانی لە باشووری كوردستان ئامادە كرا.
لە رۆژی 25ی ئەیلوول لەگەڵ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم، بەشێوەیەكی خۆڕسك لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی رۆژهەڵات هاووڵاتییان رژانە سەر شەقام و بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی رەقیب" پشتیوانییان بۆ باشووری كوردستان دەربڕی، هەرچەند كۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێكی زۆری لەناو شارەكاندا بڵاو كردبووەوە، بەڵام نەیانتوانی رێ لە خرۆشانی جەماوەر بگرن و ناچار بوون بە بینەری كەرنەڤاڵ و شادی دەربڕینی جەماوەر.
چاودێرانی سیاسیی ئێران كپبوونی كۆماری ئیسلامییان بەرامبەر خرۆشانی جەماوەری رۆژهەڵات بە پاشەكشەكردنی ئەو رژێمە بەرامبەر هێزی جەماوەر وەسف كرد، پێیان وابوو تاران هیچ بژارێكی تری لە بەردەم نەمابوو جگە لەوەی رێ بە دەربڕینی پشتیوانییەكانی خەڵك بۆ باشووری كوردستان بدات.
عیرفان رەهنمون چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، كپبوونی رژێمی ئێران بەرامبەر خرۆشانی جەماوەر زیاتر لەوەی كە پاشەكشە بێ ، دەستەوەستانی بوو. چونكە رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی رۆژهەڵات تیایدا بەشدار بوون و توانای سەركوت و بەربەستكردنی زۆر كەم بوو و ئەگەر هەوڵیكی وایان دابایە، بێگومان شكستی دەهێنا و خۆپیشاندانەكان بەرینتر دەبوونەوە. لەو بارودۆخەدا رژێمی ئێران بە باشی نەزانی دۆخێك بێتە كایەوە كە نیشانەی هاوپێوەندیی كوردی رۆژهەڵات و باشوور بێ، چونكە رژێمی ئێران پێش ریفراندۆم، تا سەر ئێسك و زۆر بە روونی دژایەتیی ریفراندۆمی كردبوو و تەنانەت هەڕەشەی توندیشی لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ریفراندۆم كردبوو .
زیاتر روونی دەكاتەوە، پشتیوانیی خەڵكی رۆژهەڵات لە ریفراندۆم، هەستی دژبەیەكی رژێم و خەڵكی رۆژهەڵات دووپات كردەوە، بەو هۆیەوە تاران نەیویست هەستیارییەكی ئەوتۆ پێك بێنێ كە ببێتە هۆی بەرینتربوونەوەی هەرچی زیاتری خۆپیشاندانەكان .
بەرەبەیانی رۆژی 27ی ئەیلوول هێزە دەمامكدارەكانی سوپای پاسداران رژانە سەر ماڵی هاووڵاتییانی رۆژهەڵات و بە سەدان كەسیان لە سەرجەم شارەكاندا بە تۆمەتی دەربڕینی خۆشحاڵی گرت، بەپێی ئامارە نافەرمییەكان كە زۆربەیان لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتەوە بڵاو كرانەوە، زیاتر لە 700 هاووڵاتیی كورد لە لایەن میلیشیا دەمامكدارەكانیی سوپای پاسدارانەوە بێسەروشوێن كران.
رەهنمون ئەو گرتنە بەلێشاوەی كوردانی رۆژهەڵات بە كەموێنە وەسف دەكات و دەڵێ، ئەو گرتنانە بەرفراوانترین گرتنی خەڵكی رۆژهەڵات بوو لە گشت تەمەنی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا. پشتیوانیی كوردی رۆژهەڵات لە ریفراندۆمی باشوور لە میدیا جیهانییەكاندا رەنگدانەوەی بەرچاوی هەبوو و ئەمەش بووە هۆی توڕەیی رژێم و دەستیان كرد بە گرتنی ئەو كەسانەی لە گرتە ڤیدیۆیییەكاندا رووخساریان دەركەوتبوو. ئەو خۆپیشاندانانە یەك تایبەتمەندیی گرنگی تریشی هەبوو كە بریتی بوو لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن خەڵكەوە بە شێوەیەكی بەرین و كەمتر بینراو لە خۆپیشاندانەكانی رابردوودا.
ماڵپەڕی روانگە بۆ مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان لە راپۆرتێكدا، ناوی زیاتر لە 150 گیراوی شارەكانی مهاباد و بۆكان و سنە و مەریوان و بانە و كۆمەڵێك شارۆكەی تری بڵاو كردووەتەوە و رای گەیاندووە، تا ئێستە زیاتر لە نیوەی گیراوەكان بێسەروشوێنن و ماڵباتەكانیان ئاگادار نین براون بۆ كوێ.
كەیوان ئەسكەندەری پارێزەر و چالاكی مافی مرۆڤ لە سنە بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، بەشێك لەو گیراوانەی ناسنامەكانیان لەلایەن ئیتڵاعاتەوە ئاشكرا بووە، بە دانانی بارمتە ئازاد كراون، بەڵام ژمارەیەكی زۆر بێسەروشوێنن و تا ئێستەیش خێزانەكانیان ئاگاداری ئەوە نین بۆ كوێ گوازراونەتەوە.
دووپاتی دەكاتەوە، چەند جارێك خێزانی ئەو گیراوانە پێوەندییان پێوە كردووم بۆ ئەوەی ببم بە پارێزەری كەیسەكانیان، بەڵام كاتێك پێوەندیم بە دادگای سنەوە كرد، بە ئاشكرا پێیان راگەیاندم ئەو كەیسانە پێویستیان بە دادگا نییە و هیچ پارێزەرێكیش بۆ كەیسەكەیان قبووڵ ناكرێت.
رەهنمون پێی وایە ئەو باجەی رۆژهەڵات لەپێناو دەربڕینی خۆشحاڵی لە ریفراندۆمی باشووری كوردستان داویەتی، هەڵگری پەیامێكی گەورەترە و پێی وایە، پشتیوانی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستان، لە پێشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە ئێمەی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا نەتەوەیەكین و لێكیان دابڕاوین و دابەشیان كردووین، بەڵام نەیانتوانیوە رۆحی هاوپێوەندیی نەتەوایەتی سەرەڕای ئەو دابڕانە زۆرەملێیە لە نێو ئێمەی كورددا بكوژن . ئەو خرۆشانە بەرینە جەماوەرییانە لە زۆرێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بە ئاشكرا دەریخست كە سیاسەتی گۆڕینی ناسنامەی كورد بۆ ناسنامەی ساختەی ئێرانی، سەركەوتوو نەبووە. سەربەخۆیی باشووری كوردستان دەتوانێ لە رووی ئایدیۆلۆجی و وێژمان "دیسكۆرس"ەوە ، بیروباوەڕی پانئیرانیستیی تووشی تەنگژەی قووڵی مانایی بكات و لە ناوەوە هەرەسی پێ بهێنێت.
كەیوان ئەسكەندەری دووپات لەوە دەكاتەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران، پلانی هەبوو بەهەر شێوەیەك بێ تەنانەت ئەگەر لەڕێی شەڕی مەیدانیشەوە بێت، رێگر بێت لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، بەڵام كاتێك رووبەڕووی ئەو خرۆشانە جەماوەرییە بووەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، تەنیا ئەو بژاردەیەی بۆ مایەوە ببێت بە سەیركەری پرۆسەكە و چاوەڕێی ئەنجامی دەنگدانەكان بكات.