لەمەودوا مووچە چۆن دابەش دەكرێ
"وشە" وردەكاری پرۆژە نوێكەی مووچە بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:37:10/10/2016 ‌
پسپۆرانی بواری ئابووری و دارایی لە هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی نوێیان ئاراستەی حكوومەت كردووە بۆ دابەشكردنی مووچە، لە شوێنی سیستەمی پاشەكەوت، یەكێك لەو پسپۆرانەش وردەكاری پرۆژەكەیان ئاشكرا دەكات.

لە سەرەتای 2014 بەهۆی بڕینی بودجە و موچە بەبڕیارێكی كەسی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەیەكی دارایی بووە و بەوهۆیەوە مووچەی چەندان مانگی كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، سەرەتا سیستەمی پاشەكەوت كرد پەیڕەو كرا، بەبڕ و رێژەی جیا جیا مووچەی كارمەندان كەم كرایەوە، بەڵام ئێستە ناڕەزایی زۆر بەرامبەر ئەو پرۆژەیە دەستی پێ كردووە و حكوومەت خەریكی گرتنەبەری جۆرێكی ترە لە دابەش كردنی مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" ئەو پرۆژە نوێیە بۆ دابەشكردنی مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان، ئێستە لەسەر مێزی سەرۆكی حكوومەت و وەزیری دارایی بەوەكالەتە، تەنیا ماوەتەوە بڕیاری لێ بدرێت.

پرۆژەكە لەسەر داوای چەند بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی دارایی و لە مانگی سێی ئەمساڵەوە دەست بە ئامادەكردنی كراوە، ئێستەش بڕیارە چەند خاڵێكی بۆ زیاد بكرێ و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

سەباح خۆشناو پسپۆر و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری ئابووری كە یەكێكە لە ئەندامانی ئامادەكاری پرۆژە نوێكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆژەیەی ئامادەكراوە، كۆتایی بە زۆر كێشەی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە دەهێنێت و یارمەتیدەر دەبێ بۆ تێپەڕاندنی ئەم تەنگژە دارایییە لەكاتێكی زوودا.


هەروەها گوتی، ئەم  پرۆژەیە لەلایەن چەند پسپۆرێكی ئابووری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەكراوە، ئێستە بڕیارە چەند خاڵێكی تری بۆ زیاد بكرێ و رێوشوێن بۆ پێدانەوەی قەرزەكانی حكوومەتیش دابنرێت.

بەگوێرەی زانیاریی بۆردەكانی ئابووری و سەنتەر و دامەزراوە ئابوورییەكان، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی شەش ملیار دۆلار قەرزاری فەرمانبەرانی ناوخۆیە.


ڕابەر سەدیق وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت لە دووەم پانێلی كۆڕبەندی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە بكات و شێوازێكی نوێی مووچە ڕابگەیەنێت و بانكە بازرگانییەكان چالاك بكاتەوە .

هەروەها گوتی، حكوومەتی هەرێم نابێ تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت، پێویستە سەرچاوەی تری داهات بدۆزێتەوە.

د.سەباح خۆشناو لەبارەی ناوەرۆكی پرۆژەكەشیان بۆ حكوومەت ئاماژەی دا، بەپێی پرۆژەكەی ئێمە هەر كارمەندێك مووچەكەی لە 500 هەزار كەمتر بێ، ئەوا هیچ بڕە پارەیەكیان لێ نەبڕدرێ، لەسەرووی 500 هەزاریش لە بڕی 5% مووچەیان دەبڕدرێ و ئەوانەشی مووچەیان دەگاتە پێنج ملیۆن دۆلار بەبڕی 45% مووچەیان پاشەكەوت دەكرێ، ئەمەش زۆر گونجاو دەبێ و هێندە قوڕسی لەسەر شانی مووچەخۆران دروست ناكات.


لەبارەی چۆنیەتی دانەوەی قەرزەكانی فەرمانبەرانیش لەلایەن حكوومەتەوە ئەو پسپۆرە دەڵێ، پێشنیاز كراوە لەبری قەرزەكە پارچە زەوی بە هەر فەرمانبەرێك بدرێت، پارچە زەوییەكانیش بەگوێرەی قەرزەكانەوە بدرێن، هەر كارمەندێك قەرزەكانی كەم بوو لە دەرەوەی شارەكان زەوی پێ بدرێ، ئەوانەشی قەرزی زۆریان لای حكوومەتە لە نزیك و ناو شارەكان زەوییان پێ دەدرێت.

ئەوەشی گوت، كە خاڵێكی تر بۆ دانەوەی قەرزەكان بریتییە لە بەریەكخستنی قەرزەكانی حكوومەت لەگەڵ ئەو باج و ڕسوماتەی دەخرێتە سەر كارمەندان، بۆ نموونە ئەگەر كارمەندێك سەرپێچی هاتوچۆی كرد، ئەوا بڕی سزای سەرپێچییەكە لە پاشەكەوتەكەیان كەم دەكرێتەوە.

 وشە/رامیار جەواد.


وشە - وشه‌