ئاوی ژێرزەویی سلێمانی لە مەترسیدایە

:: AM:08:40:07/11/2016 ‌

 بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەویی سلێمانی، هۆشداری دەدات لە زیادبوونی مەترسی لەسەر ئاوی ژێرزەوی لە سنوورەكەدا، بەپێی ئامارێكیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە نۆ هەزار و 450 بیری جۆراجۆر لێ دراون.
 
لە ئێستەدا بەهۆی دۆخی دارایی كوردستان، لیژنەكانی بەدواداچوون بۆ ڕێگریكردن لە لێدانی بیر، ناتوانن وەك ڕابردوو بەردەوام بن، ئەوەش وای كردووە لێدانی بیر زیاتر بێت و مەترسی لەسەر ئاوی ژێرزەوی دروست بێت، چونكە رێكارە یاسایییەكان وەك پێویست بەرامبەر سەرپێچیكاران ناگیرێتە بەر. 

عەباس عەلی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی دەڵێت، "ئێستە كە ڕێژەی باخ و ڤێلا و زەویی كشتوكاڵی تایبەت زۆر بووە، ڕێژەی لێدانی بیر لەلایەن هاووڵاتییانەوە زیادی كردووە، لەگەڵ ئەوەش چەندان جۆر ئامێری لێدانی بیر هەیە، لیژنەكانیشمان بەپێی پێویست بەردەوام نین لە ئەركەكانیان لە دەستبەسەرگرتنی ئامێرە نایاسایییەكان بەهۆی خەرج نەكردنی پارە بۆیان، لە چەند ناوچەیەك ئاوی ژێرزەوی ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە". 

ئەو بۆ "وشە" گوتی، تەنیا لە ماوەی ساڵی 2015 نزیكەی 248 ئامێری بیر هەڵكەندن بە شێوەی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەی دەست بەسەرداگرتنی ئامێرەكان كەم بووەتەوە كە تەنیا 45 ئامێر بووە، بەشی زۆری ئەو ئامێرانەش لە مێرگەپان و قەرەداغ و سیتەك و شارباژێڕ بوون، بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی یاسا بیریان هەڵكەندووە. 

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی شارەكە پێی وایە، پێویستە هەرچی زووە ڕێگری لەو جۆرە كەسانە بكرێت كە بە قاچاخ و بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی یاسا بیر لێ دەدەن، چونكە ئەوە بۆ داهاتوو كاریگەری لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەبێت و مەترسی هەیە. 

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی، تەنیا مۆڵەتی هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی بەو شوێنانە دەدات كە تۆڕی ئاویان نییە، كە بەمەبەستی تەندروستی و گوند و كشتوكاڵ و باخداری بێت، لە ساڵی 1977 تا ساڵی 2016، نۆ هەزار و 454 مۆڵەتی هەڵكەندنی بیری جۆراوجۆر دراوەتە فەرمانگە و هاووڵاتییان.

هێمن كەمەرخان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ئامێرانەی بیر هەڵكەندن بەشێوەی نایاسایی كە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، خاوەنەكانیان ڕووبەڕووی دادگە دەبنەوە و ئامێرەكەش دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی بۆ ئەوەی بتوێنرێتەوە. 

كەمەرخان دەڵێ‌، "تەنیا ئەمساڵ لەلایەن مەفرەزەكانمان لە ناوچە جیاجیاكاندا دەست بەسەر 60 ئامێری بیر هەڵكەندندا گیراوە".

 
فەرهاد تۆفیق سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لێدانی بیری سووری مەترسی گەورەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروست كردووە، چونكە ئاوی ژێرزەوی موڵكی هیچ كەسێك نییە و سامانێكی سروشتییە، وەك سەرچاوەی سووتەمەنییە، مافی كەس نییە بەكاری بێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بیرە كاتێك لێ دەدرێت پێویستی بە پاڵەپەستۆیەكی زۆرە و زەوی دەجووڵێنێت، ئەوەش مەترسی بۆ قڵیشان، یان هەر حاڵەتێكی نائاسایی زەوی دروست دەكات. 

ئەوەشی گوت: "لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاری قەدەغەكردنی بیری سووری هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستە تەنگژەی دارایی هەیە، پارە خەرج ناكرێت بۆ لیژنەكان بۆ گەڕان، ئەوەش وای كردووە لێدانی بیری سووری زۆر بێت و مەترسییەكانی زیاتر بێت، لە كاتێكدا پێشتر دەرچوونی بەردەوام و خێرا هەبوو، ڕێگری دەكرا و بە دەگمەن بیر لێ دەدرا، هەر كەسێكیش دەگیرا ڕووبەڕووی یاسا دەكرایەوە و غەرامە دەكرا و ئامێرەكەشی لە ناو دەبرا". 

باسی لەوەش كرد، هەڵكەندنی بیری ئاو ئەگەر لە جۆری ئیرتیوازی بێت، كێشە و مەترسی دروست ناكات بۆ ئاوەكە و بۆ زەوییەكەش، بەڵام كێشە لەوەدایە، ئەو بیرە سوورییە بە شێوەی قاچاخ لێ دەدرێت، بەڵام بیرە ئیرتیوازییەكە بە مۆڵەت دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی.

ئەوەش دەخاتە ڕوو، "ئێستە دەست بەسەرداگرتنی ئەو ئامێرانە وەك پێویست نییە، مەفرەزەكانیش تەنیا لە یەك حاڵەتدا دەتوانن ڕێگری بكەن، ئەویش ئەگەر كەسێك هەواڵ بدات لە كەسێكی تر كە بیری سووری لێ دەدات، لەو حاڵەتەدا ڕێگری لێ دەكرێت".

سەرۆكی لیژنەی سەرچاوەكانی ئاو ئەوەش بە مەترسی نیشان دەدات، كە "قایمقامی چەمچەماڵ پێشتر بۆ ماوەی یەك مانگ مۆڵەتی داوەتە هاووڵاتییانی سنوورەكە تا بیری سووری لێ بدەن، كە ئەوەش لە چوارچێوەی مەرج و ڕێنوێنییەكان نەبووە".

وشە/ سلێمانی- هۆشیار عەلی




وشە - تایبه‌ت