ئینتەر میلان.. لە ماوەی 48 كاژێری داهاتوودا ئەم كارە دەكەین

:: AM:09:48:07/11/2016 ‌

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە لە ماوەی 48 كاژێری داهاتوودا راهێنەرێكی نوێ بۆ تیپەكەیان دیاری دەكەن.

یانەكە هەفتەی رابردوو بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا، فڕانك دی بویری راهێنەری هۆڵەندی لە كارەكەی دوور خستەوە، یانەكە دوای ئەنجامدانی 12 یاریی ئێستا لە ریزبەندی 9ی یانەكانی خولەكە دێت.

یانەی ئینتەر میلان شەوی رابردوو بەیاننامەیەكی بۆ هەوادارانی بڵاو كردەوە و تێیدا ئەوەی خستەڕوو كە لەماوەی 48 كاژێری داهاتوودا راهێنەری نوێ بۆ تیپەكەیان دیاری دەكەن.

هەر لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە جگە لە دیاریكردنی راهێنەر، هەروەها گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی كارگێڕی تیپەكەش دەكەن.

یانەكە دوای دورخستنەوەی دی بویر، ئەركی راهێنەرایەتیی تیپەكەی بەخشی بوو بە ستیڤان ڤیچی راهێنەری تیپی دووەم، ئەو راهێنەرە دوێنێ یەكشەمیش لە یەكەم یارییدا توانی بە ئەنجامی 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی كرۆتۆنی بباتەوە.

رۆژنامەكانی ئیتاڵیا ئاماژەیان بەوەدابوو كە چەند راهێنەرێك بۆ ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی ئینتەر میلان پاڵێوراون، ئەوانیش برێتین لە جۆس هیدینكی راهێنەری هۆڵەندی، جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی و مارسیلیانۆی راهێنەری پێشووی یانەی ڤیاڕیالی ئیسپانی، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی رێككەوتن لەگەڵ هیچ راهێنەرێك رانەگەیەنراوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م