كرمانج عوسمان شاره‌زا له یاسایى نێوده‌وڵه‌تى، له‌م دیداره‌ى "وشه"دا ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، له هه‌موو حاڵه‌تێكدا كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رامبه‌ر هه‌ر گرژییه‌ك بۆ سه‌ر كوردستان، ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات و داواى گفتوگۆ ده‌كات، ئه‌وكاته‌ش كورد ده‌توانێت به ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌وه بچێته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا. هاوكات دووپاتی ده‌كاته‌وه "عه‌بادى ئه‌گه‌ر سزاكانى سه‌ر كوردستان جێبه‌جێ نه‌كات، ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه له په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ى لێ وه‌ربگیرێته‌وه".
خوێندنه‌وه‌تان چییه بۆ ئه‌و لێكه‌وتانه‌ى دواى ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان هاتوونه‌ته پێشه‌وه، به‌تایبه‌ت ئێسته هه‌ندێك ناڕوونى هه‌یه له هه‌ڵوێستى سیاسیی ناوچه‌كه‌دا؟
-ڕیفراندۆمى كوردستان ئه‌نجام درا، هه‌رچه‌نده پێش پرۆسه‌كه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ئێران و توركیا و عێراق له هه‌موو هه‌وڵێكدا بوون بۆ ئه‌وه‌ى ڕیفراندۆم ئه‌نجام نه‌درێت كه ئه‌وه وه‌ك پلانى یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه بوو، ئێسته كراوه، ئه‌و وڵاتانه ده‌یانه‌وێت له پلانى دووه‌مدا ئه‌نجامه‌كه‌ى ره‌ت بكرێته‌وه و ده‌یانه‌وێت سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم بخه‌نه هه‌ڵوێستێكى نه‌خوازراو و دواى ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كه‌ى سزاكانیان ده‌ست پێ بكه‌ن، له پلانى سێیه‌مدا راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ت راده‌گرن، بێگومان ئێسته ئه‌مه‌ریكا دان به ئه‌نجامى ڕیفراندۆمدا نانێت، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریكادایه عه‌بادى بۆ چوار ساڵى تر سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بێت و كورد بچێته‌وه پرۆسه‌ى سیاسیى له عێراقدا، به‌ڵام خه‌ڵكى كوردستان به بینینى به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى بڕیاری دا و ڕیفراندۆمى كرد، بۆیه ئێسته پاڵه‌په‌ستۆى زۆر له‌سه‌ر كورد هه‌یه و باشترین سیاسه‌ت بێده‌نگى كورده به‌رامبه‌ر ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیانه‌ى له‌سه‌ریه‌تی، ئه‌وه ده‌یسه‌لمێنێت كه خه‌ڵكى كورد له‌گه‌ڵ ئاشتى و له‌گه‌ڵ پێكهاتنه، جگه له‌وه‌ى ئه‌وه هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ى كورد كارتى خۆى ئاشكرا ناكات و ئێسته به‌غدا یه‌ك به‌یه‌كى كارته‌كانى ده‌سووتێنێت.
له هه‌موو حاڵه‌تێكدا كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رامبه‌ر هه‌ر گرژییه‌ك بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات و داواى گفتوگۆ ده‌كات، ئه‌وكاته‌ش كورد ده‌توانێت به ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌وه بچێته گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا و كۆنفیدڕاڵى كه بریتییه له یه‌كگرتنى دوو ده‌وڵه‌ت، دێته به‌رباس و عێراق ناچار ده‌بێت ددان به كوردستاندا بنێت وه‌ك ده‌وڵه‌ت.
كورد ئاماده‌ى گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام پێتان وایه كورد له هه‌ر حاڵه‌تێكدا به‌بێ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم گفتوگۆ بكات؟
-به‌غدا ئێسته له دۆخێكى زۆر خراپدایه، چونكه ئه‌گه‌ر بكه‌ونه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كوردستان، ئه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه، ئه‌گه‌ر گفتوگۆیش ره‌ت بكه‌نه‌وه ئه‌وه كورد ده‌یگه‌یه‌نێت به كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و دیسان هه‌ر جیا ده‌بێته‌وه، بۆیه ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى ئێسته به‌غدا له كوردستانى ده‌كات، پێوه‌ندى به‌و دوو ڕێیه‌وه هه‌یه، ئێسته به‌غدا هه‌وڵى دواخستنى جیابوونه‌وه‌ى كوردستان ده‌دات و له داهاتوو مه‌منوون ده‌بن كه ته‌نیا كورد جیا ببێته‌وه، چونكه دواى كورد ئێسته مه‌ترسى جیابوونه‌وه‌ى سوننه‌كانیش هه‌یه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌كى خراپ له عێراقدا هه‌یه و به‌رامبه‌ر كورد شه‌ڕى به‌غدا كه‌ركووك و ماده‌ى 140ـه به پاڵه‌په‌ستۆى ئێران.
ئه‌و سزایانه‌ى به به‌غداوه له‌سه‌ر كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت كاتین یان لێكه‌وتى زیاتر به‌دوایدا دێت؟
-ئه‌و سزایانه‌ى به‌غدا له‌سه‌ر كوردستان په‌سندی كردووه كارته‌كانیانه و كاتین، ئه‌وانه له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆدا ده‌رچوون، ئێران و به‌شێك له عه‌ره‌به‌كانى عێراق پاڵه‌په‌ستۆى زۆریان خستووه‌ته سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادى، بۆیه ئه‌گه‌ر عه‌بادى ئه‌و بڕیارانه‌ى ده‌رنه‌كردایه و بۆ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێك جێبه‌جێى نه‌كات، ئه‌وه ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه له په‌رله‌مانى عێراق كارێك بكرێت متمانه‌ى لێ وه‌ربگیرێته‌وه و ده‌ربكرێت، عه‌بادى له جێبه‌جێ نه‌كردنى ئه‌و بڕیارانه ترسى هه‌یه، به‌ڵام جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیارانه درێژه ناكێشێت، ئێسته 200 ڕێكخراوى بیانى تایبه‌ت به ئاواره‌كان له كوردستان كار ده‌كه‌ن و ئه‌وانه هه‌موو پاڵه‌په‌ستۆ دروست ده‌كه‌ن، جگه له‌وه‌ى كوردستان ده‌توانێت گه‌شته ناوخۆیییه‌كانى عێراق رابگرێت، كورد كارتى زۆرى هه‌یه به‌رامبه‌ر به‌غدا، به‌ڵام نایه‌وێت له‌م دۆخه به‌كاریان بێنێت.
پێت وانییه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی نایه‌وێت كورد ئێسته وه‌ڵامى به‌غدا بداته‌وه؟
-نه‌رمى نواندنى كورد ئێسته زۆر زۆر باشتره، كوردستان ئه‌گه‌ر له باشوورى عێراق بووایه ئه‌وه ده‌مێك بوو توابووینه‌وه، ئێسته كورد سه‌رچاوه‌ى ئاوى به‌ده‌سته و خاوه‌نى چیاكانه، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌وه تێده‌گات بێده‌نگى كوردستان ماناى ره‌ت نه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانه.
ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌یه، بۆچى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پشتگیرى بۆ كوردستان نییه؟
-من نموونه‌ى ئه‌مه‌ریكات بۆ دێنمه‌وه، ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز پشتیوانى ڕیفراندۆمێك ناكات كه به یه‌كلایه‌نانه ئه‌نجام درابێت، ئه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریكا ناگونجێت، چونكه ئه‌مه‌ریكا وڵاتێكى فیدڕاڵییه و سبه‌ى هه‌ر ویلایه‌تێك جیا ببێته‌وه ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت قسه بكات، ئیسپانیاش به‌هه‌مان شێوه‌یه و هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نیم پشتیوانى ڕیفراندۆمى كوردستان بكات، بۆیه پشتگیرى نه‌كردنى وڵاتان هه‌ریه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌تى، ڕووسیا كه به‌رژه‌وه‌ندى له‌گه‌ڵ كوردستاندا هه‌یه هه‌رگیز گوێ نادات به هه‌ندێك پڕه‌نسیپ و شتى تر، بۆیه ددان به هه‌رێمى كوردستاندا ده‌نێت و مافى ده‌وڵه‌تبوون نادات، له هه‌موو حاڵه‌تێكدا بارودۆخى ئابوورى ڕۆڵ ده‌بینێ له ناوچه‌كه‌دا، له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى توركش ئێرلاین بكه‌وێته مه‌ترسى، به‌بێ به‌غدا فڕۆكه ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كان به‌رده‌وام بوون و دۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه مایه‌وه، كورد پێویسته چى بكات؟
-كورد ده‌بێ شه‌ڕى دیپلۆماسى بكات، له ده‌ره‌وه‌ى كوردستان كار بۆ ئه‌وه بكرێت نوێنه‌رانى كوردستان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات تا ئێسته ئه‌ركى خۆیان جێبه‌جێ نه‌كردووه و ده‌بێ ئه‌وه بۆ وڵاتان ڕوون بكه‌نه‌وه كه 79 ماده هه‌یه له ده‌ستوورى عێراق پێشێل كراون و یاسایان بۆ ده‌رنه‌كراوه و 45 بڕیارى نێوده‌وڵه‌تى به‌رامبه‌ر به كورد فه‌رامۆش كراون، پیشاندانى ئه‌و پێشێلكارییانه به‌رامبه‌ر به كورد زۆر گرنگه و هاوئاهه‌نگى زیاد ده‌كات، هه‌رچه‌نده ئه‌و سزایانه‌ى ئێسته باسى لێ ده‌كرێت له ئاستى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ته‌نیا سزایه بۆ سه‌ر به‌رپرسانى كوردستان و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر خه‌ڵك نابێت و كورد پێویسته كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى عێراق بێبه‌ها بكات.