پاشەكەوتی مووچە دەدرێتەوە

:: PM:06:00:08/10/2017 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنگۆیەك ڕەت دەكاتەوە، هاوكات زانیاری نوێ‌ لەبارەی سیستەمی نوێی مووچە ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی تشرینی یەكەم، شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان پەرلەمان و حكوومەت داواكرا كە ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێگەی پڕۆژەیەكەوە سیستەمی نوێی مووچە ڕەوانەی پەرلەمان بكات و لە پڕۆژەكەشدا وادەی جێبەجێكردنی دیاری بكات.

زیاتر گوتی، تا ئێستە پڕۆژەكە نەگەیشتووە و حكوومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەكەیە و هەركاتێك گەیشتە پەرلەمان، ئەوە جارێكی تر گفتوگۆی لەبارەیەوە دەكرێت.

شێركۆ جەودەت ئاشكرای كرد، داوا كراوە لە سیستەمی نوێی مووچە پێدانەوەی پاشەكەوتی مووچەی چەند ساڵەی فەرمانبەران جێگیر بكرێت و وادەیەكی بۆ دیاری بكرێت.

لەبارەی ئەوەی كە بە پێی سیستەمی نوێی مووچە، ئەو مووچەی ئێستە دەدرێت بە فەرمانبەران جێگیر دەكرێت، ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان ئەو دەنگۆیەی رەت كردەوە ڕوونی كردەوە كە سیستەمی نوێی مووچە بۆ ڕێكخستنەوەیە و ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی كە مووچەی ئێستە بە یاسا جێگیر بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر حكوومەت و پەرلەمان لەبارەی سیستەمی نوێی مووچە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دابوو كە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی سیستەمی نوێی مووچە كرا و حكوومەت داوای وادەیەكی كرد بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژەكەی.

لە هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە بە پێی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە، فەرمانبەران مووچە وەردەگرن و بەشێكی زۆر لە مووچەی فەرمانبەران كەم كراوەتەوە.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم