هۆزە عەرەبییەكانی تكریت دژی حەشدی شەعبی هاتنە دەنگ

:: PM:12:00:07/11/2016 ‌

شێخێكی هۆزی شەمەری عەرەبی سونە ئاشكرای كرد، كە تا ئێستە چارەنووسی 300 كەس لە ئەندامانی هۆزە عەرەبییەكان دیار نییە، دوای ئەوەی ماوەی ساڵ و نیوێكە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە گیراون و بێ سەروشوێن كراون.

شێخ عەماد ناجی حەسان یەكێك لە شێخەكانی هۆزی شەمەری عەرەبی سونە ڕای گەیاند، ساڵ و نیوێك پێش ئێستە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی 47 ئەندامی هۆزەكەمانیان لە گوندی ناعمەی رۆژهەڵاتی تكریت ڕفاند و دواتر 270 كەسی تریشیان لە دۆرەی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بێ سەروشوێن كردووە.

هەروەها گوتی، كتائیبی حزبوڵای عێراق لە پشت هەڵمەتی ڕفاندن و بێ سەروشوێنكردنی ئەندامانی هۆزەكەمانن لە گوندی ناعمە و كردەكەشیان لە مانگی ئادار/مارسی 2015 ئەنجام دا.

ئەو شێخەی هۆزی شەمەر ئەوەشی ڕوون كردەوە، 270 كەسی تریش لە تیرەی شوێخاتی سەر بە هۆزی جبوور لە دەوروبەری شارەدێی دۆرە رفێنراون و تا ئێستەش هیچ سۆراخێكیان نییە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو كەسانە هیچ هاوكاری و پشتیوانییەكی داعشیان نەكردووە و دەستیان لە هیچ تاوانێك نەبووە، بەڵام بەشێوەیەكی هەڕەمەكی گیراون و رفێنراون، كارەكەش لەلایەن سوپا و پۆلیسی عێراقەوە ئەنجام نەدراوە، بەڵكو میلیشیاكان پێی هەستاون.

شێخ عەماد ناجی حەسان چارەنووسی ئەو كەسانەی خستە ئەستۆی حكوومەتی عێراق و دەڵێ، پێویستە حكوومەت چارەنووسیان ئاشكرا بكات، ئەگەر چارەنووسیشیان نەزانین، ئێمە ناوەستین و واز لە حكوومەت ناهێنێن، هەرچەندیش سۆراخمان كردوون دەڵێن، ئێمە لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەیان و لە ئەنجامی هەوڵەكانمان ئاگادارتان دەكەینەوە. هەندێ شوێنی پێوەنداریش دەڵێن ئێمە هیچ ئاگادار نین.

لەوبارەوە پارێزگاری سەڵاحەدین ئەحمەد عەبدوڵا ئەلجبووری ئاشكرای كرد، شوێنە پێوەندارەكانمان چەندان جار ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵام و زانیارییەكمان پێ نەدراوەتەوە. ئێمە داوامان لە پەرلەمانتارانی پارێزگای سەڵاحەدین كردووە كار بكەن بۆ فشار خستنە سەر حكوومەت بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەنووسی رفێنراو و گیراوان، بەڵام ئەوان بێ دەنگییان لێ كردووە.

هەروەها گوتی، لە نێو رفێنراواندا خانەوادەیەك لە پێنج برا و خوشكێك پێك هاتوون، هەر پێنج براكەیان ڕفاندوون، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەوان بێ تاوانن، ئەگەر تاوانێكیشیان هەیە دەبێ بدرێنە دادگە و حكوومەت نەك بێ سەروشوێن بكرێن، كەتیبەكانی حزبوڵا چاك دەزانن كە ئەوانە بێ تاوانن بۆیە چارەنووسیان ئاشكرا ناكەن.

حەشدی شەعبی لە 13ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بۆ پاراستنی شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانی شیعە و پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق دامەزرا، ژمارەیان 140 هەزار چەكدار دەبێت و بودجە و چەكیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دابین كراوە و لەمیانەی بەشدارییان لە شەڕەكانی ئەنبار و  تكریت و فەلووجە و ناوچەكانی دیالە و باشووری كەركووك پێشێلكاری گەورەیان بەرامبەر بە یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە تكریت ماڵ و سامانی خەڵكیان دزی و لە فەلووجە بە مووشەك هاووڵاتییانی سڤیلیان بۆردمان كرد و لە دیالە و ناوچەكانی تریش نزیكەی 250 مزگەوتیان وێران كردووە و تەقاندوویانەتەوە.

سەرچاوە/ ئەلقودس.




وشە - باز ئه‌حمه‌د