ئەنجوومەنی ئاسایش ژاپۆنییەكەی بە كەلەپچەكراوی ناردەوە

:: PM:01:04:07/11/2016 ‌

ئەو ژاپۆنییەی زانیاری بۆ داعش دەگواستەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە گیرا و ڕادەستی وڵاتەكەی كرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ڕای گەیاند: لە رێكەوتی 19ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 2016 هاووڵاتییەكی ژاپۆنی بەناوی "كوسوكی تسیونیوكا" ناسراو بە "شامیل ك. تسیونیوكا" بەتۆمەتی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ داعش لە نزیك چیای زەرتك گیرا.

لە لێكۆڵینەوەدا كە لەلایەن دەزگەی دژە تیرۆری كوردستان لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، دەركەوت لە ڕێگەی مۆبایلی زیرەكەوە پێوەندی بە ئەندامانی داعشەوە كردووە. 

هەر لە ڕاگەیاندنەكەدا هاتووە: لە میانەی گرتنیدا، دەزگەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە گفتوگۆدا بوون لەگەڵ دەسەڵاتداری ژاپۆن لەسەر ئەو تۆمەتەی رووبەڕووی كراوەتەوە، هەروەها بڕیار درا ئەم هاووڵاتییە رادەستیان بكرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە، ئەمڕۆ دووشەم لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەڕێ كرا.




وشە - كوردۆ شابان