پیشەوەرانی خورماڵ زەوییان پێ دراوە كەچی لەنێو شارەدێیەكە ناچنە دەرەوە

:: PM:01:06:07/11/2016 ‌

شارەوانیی خورماڵ بۆ جوانتركردنی سیمای شارەدێیەكە، لە دەرەوەی شارەدێیەكە زەوی بەسەر پیشەوەراندا دابەش كردووە و رێگەاوبان و ئاوی بۆ دابین كردوون، بەڵام پیشەوەران ئامادە نین شوێنی كاركردنی ئێستەیان جێ بهێڵن.

سالار ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی خورماڵ بۆ "وشە" گوتی، نزیكەی دوو ساڵە لە دەرەوەی شارەدێیەكە لەسەر رێگەی خورماڵ بەرەو ئەحمەد ئاوا شوێنێك دابین كراوە بۆ ناوچەی پیشەسازی و تەنیا ئەوە ماوە كارەبایان بۆ دابین بكرێت، تا ئێستە یەك پیشەوەریش گرێبەستی لەگەڵیاندا ئیمزا نەكردووە.

ئەو گوتی "ئێمە بۆ هەر دووكانێك ساڵانە بری 90 هەزار دینار وەردەگرین، دوای ئەوەی پیشەوەرەكە دێت و گرێبەستەكەی لەگەڵ ئێمەدا ئیمزا دەكات، بەڵام تا ئێستە تەنیا یەك كەسیش نەهاتووە گرێبەستەكە بكات و دەست بكات بە كردنەوەی دووكانەكەی لەو شوێنەی  بۆی دابین كراوە."

بەهمەن شەوكەت یەكێك لە پیشەوەران بۆ "وشە" گوتی، رێك دوای ئەوەی شارەوانی زەویی دابەش كرد بەسەر پیشەوەراندا، تەنگژەی دارایی سەری هەڵدا و خەڵك پارەی نییە تا شوێنی كارەكەی بگوازێتەوە و ترسیان هەیە كاریگەری بخاتە سەر ئاستی داهات و بژێویی ژیانیان.

بەگوتەی ئەو پیشەوەرە، كەسی وا هەیە ئێستە لە دووكانەكەی كار دەكات و كرێش نادات و هەرگیز لە قازانجی ئەودا نییە شوێنی كاریش بگوازێتەوە و مانگانە كرێش بدات.

شارەدێی خورماڵ  16 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجە دوورە و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 33 هەزار كەس دەبن و زیاتر لە 300 پیشەوەری تێدایە.

وشە/سەلام هانەدنی


وشە - سلێمان تاشان