لە جیاتی دەنگی ئاژەڵ و باڵندەكان، دەنگی ماتۆڕی داربڕین دێت

:: PM:04:26:10/10/2017 ‌

دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەكان لە بەڵێنی دابەشكردنی نەوتی ماڵان بێ‌ ئومێد بوون، لەبەر ئەوە لە ئێستەوە نۆرەیان بۆ وەرگرتنی سۆپای دار گرتووە و رووشیان كردووەتە ناوچە شاخاوییەكان بو دەستكەوتنی دار. هاووڵاتییەكیش رای دەگەیەنێ‌ رۆژانە نزیكەی 50 پیكاب دار لە رێی گەلی باڵندە دەگاتە شێلادزێ‌.

عەبدوڵا سەفەر هاووڵاتییەكی شارەدێی شێلادزێی‌ سەر بە شارۆكەی ئامێدییە، ئەو بە"وشە"ی، راگەیاند، زیاتر لە 10 رۆژە لە نۆرەی دەستكەوتنی سۆپایەكی دارە و تا ئێستە دەستی نەكەوتووە.

بە گوتەی ئەم هاووڵاتییە "دەبوو پێش كۆتاهاتنی مانگی ئەیلوول لە ناوچە شاخاوییەكاندا نەوت دابەش بكرایە،  هەر لەبەر ئەمە خەڵك دەچنە ناوچە شاخاوییەكان و دار كۆ دەكەنەوە".

هاووڵاتییەك لە كۆمەڵگەی سیریێ‌ سەر بە شارۆكەی ئامێدی كە دەكەوێتە گەلی باڵندە و نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە "وشە"ی راگەیاند، لە وەرزی داربڕیندا رۆژانە لە نێوان 40 بۆ 50 پیكابی دار لە دەڤەری نێروەورێكان لە رێی گەلی باڵندە دەگاتە شارەدیێ‌ شێلادزێ‌ و بەشی هەرە زۆریش داری تەڕن یا لە وەرزی بەهاردا بڕاون و ئێستە وشك بوون.

ئەو دەڵێت لە ناوچە شاخاوییەكان لەجیاتی دەنگی ئاژەڵە كێوی و باڵندەكان، تەنیا دەنگی ماتۆڕی دار دێت، هەرچی هاووڵاتییان نزیكی زستان دەبن، ئەوا چوونی هاووڵاتییان بۆ دەستكەوتنی دار زیاتر دەبێت، چونكە لە سنووری شارۆكەی ئامێدی بەرمیلی نەوت لە سەرووی 180 هەزار دینارە، ئەمە لە كاتێكدایە هەر ماڵێك لە سنووری ئامێدی بۆ زستان پێویستی بە زیاتر سێ‌ بەرمیل نەوت هەیە چونكە ناوچەیەكی زۆر ساردە و بەفرێكی زۆر دەبارێت و زستانێكی سەختی هەیە.

تێلی رزەیی وەستای دروستكردنی سۆپا لە سەنتەری شارەدێی‌ شێلادزێ‌ بە "وشە"ی راگەیاند، "ئەوانەی پێش مانگێك ناوی خۆیان لەلای ئێمە نەنووسیبێت، ئەوا بە ئاسانی دەستی ناكەوێت و شەو و رۆژ كار دەكەین تا پێداویستی خەڵك بە سۆپا دابین بكەین."

"لە وەرزی دروستكردنی سۆپادا ئەو خاوەن پیشەیە سەرووی 300 سۆپا دروست دەكات. چوار وەستای دروستكردنی سۆپا لە شێلادزێ هەن،  بێجگە لەو وەستایانەی لە شارەدێ‌ و ناوچەكانی تر سۆپا دروست دەكەن. نرخی سۆپای داریش لە نێوان 25 بۆ 30 هەزار دینارە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەكار دێت.

بەپێی قسەكانی رزەیی جگە لە هاووڵاتییانی گوند و ناوچە شاخاوییەكان، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی سەنتەری شارەكان روویان كردووەتە كڕینی سۆپای دار. ئەو وەستایە دەڵێت "ئێمە وەستای لەحیم و تانكەر و شتی ترین، بەڵام لەبەر ئەوەی داواكارییەكی زۆر لەسەر سۆپای دار هەیە، هەموو كارێكی خۆمان راگرتووە و شەو و رۆژ خەریكی دروستكردنی سۆپاین."

ئیقبال عومەر هاووڵاتییەكی سنووری شارۆكەی ئامێدیە و ئەمساڵ شەش پیكاب داری كڕیوە، ئەو بە"وشە"ی گوت، "من ناتوانم بچمە كۆكردنەوەی دار، چونكە فڕۆكە توركییەكان بەردەوام ئەو ناوچانە بۆردمان دەكەن كە هاووڵاتییان رووی تێ‌ دەكەن، بۆیە هەر پیكابێك دارم بە ٦٠ هەزار دینار كڕیوە".

دەڤەری ئامێدی لە شەش شارەدێ‌ و زیاتر لە 200 گوند پێك دێت، بە ناوچەیەكی سارد و بەفرین دەناسرێت و وەرزی سەرما لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم دەست پێ دەكات و تا مانگی نیسان بەردەوامی هەیە و ساڵانە لە نێوان دوو مەتر بو سێ‌ مەتر بەفر دەبارێت.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری
















وشە - سلێمان تاشان