لە كۆیە دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر كچێك

:: PM:07:58:10/10/2017 ‌

لە شارۆكەی كۆیە كچێكی تەمەن ١٧ ساڵ پێوەندی لەگەڵ هاوڕیی براكەیدا دادەنێت و ماوەی چەند مانگێك پێوەندیان دەبێت، دوای ئەوەی لەیەكتر جیا دەبنەوە، خۆشەویستەكەی بە بیانووی پێدانەوەی وێنە و دیارییەكانی، لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەری، ئەو كچە دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ لە داڵدەی ئافرەتان (شەڵتەر)ە ئێسته‌ ئازاده‌ و كوڕەش كە خاوەنی سێ منداڵە، لە هەولێر لە گرتووخانەیە.

(نوور)، ئەو كچەیە كە ئێستە لە نێوان ئەوەی داوای خێزانەكەی قبووڵ بكات و بگەڕێتەوە ماڵی باوكی، یان لەگەڵ ئەو كوڕەی دەستدرێژی بەرامبەر كردووە هاوسەرگیری بكات، نازانێت چ بڕیارێك بدات و دەڵیت لە گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوكی ترسی هەیە كە نەتوانێت وەك جاران هەڵسوكەوت بكات و دوای ماوەیەك بەزۆر بەشووی بدەن، نەفرەتیش لەو كوڕە دەكات كە بەناوی خۆشەویستییەوە قێزەونترین كاری بەرامبەر كردووە. 

ئەو كە ئێستە وەك خۆی باسی دەكات له‌ شه‌ڵته‌ر هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌یه‌وێ ئەو تەمەنەی ماویەتی بە ئازادی بیباتە سەر، دەیەوێت سزای ئەو كوڕەی ئەو كارەی بەرامبەر كردووە گەورەتر بێت لەوەی بە بەندكردنی چەند ساڵێك كۆتایی بێت، (نوور) باسی كێشەكەی بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت دووساڵ پێش ئێسته‌ ئازادكراوم له‌ دادگا و ئێسته‌ له‌ ماڵه‌وه‌م، به‌ڵام ده‌ستدرێژكاره‌كه‌ تا ئێسته‌یش له‌ گرتووخانه‌یه‌ و منیش بەدوای چارەیەكدا دەگەڕێم كە بتوانێت بە دڵ و ویژدانێكی ئاسودەوە  به‌رده‌وام بم له‌ ژیان.

ئه‌و چیرۆكی خۆی پێش دوو ساڵ ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێ، (شاد)، هاوڕیی براكەم بوو بەیەكەوە كاریان دەكرد، چەند جارێك هاتە ماڵمان و ڕەقەمەكەی پێدام پێوەندیمان دانا و بەڵێنی پێدام بێتە داوام، چەند مانگێك پێوەندیمان هەبوو، دواتر لە ڕێگەی براكەمەوە زانیم كە خاوەن خێزان و سێ منداڵە، بۆیە وازم لێی هێنا، (شاد) زۆری لێكردم بۆ دواجار بیبینم و وێنە و دیارییەكانم بۆ بگەڕێنێتەوە، منیش بڕیام دا و چووم بۆ ئەوەی شتەكانی وەربگرمەوە، بە ئۆتۆمۆبێل بەرەو دەرەوەی شار ڕۆیی و زۆر قسەی سۆزداری كرد، دواتر گەیشتینە پاركێك لە دەرەوەی كۆیە، ئۆتۆمبێلەكەی ڕاگرت و قفڵی كرد، چەند هاوارم كرد هیچ گوێی پێ نەدا و ئەوەی ویستی بەرامبەرم كردی.

دوای ئەوەی هەموو شتێك لە نێوانیاندا روو دەدات، (شاد) پێوەندی بە براكەیەوە دەكات بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچێت، ئەویش بەڕێیان دەكات بۆ ماڵی خزمێكیان لە كەركووك، دواتر خێزانی هەردوولا ئاگەدار دەكرێنەوە، سەرەتا ماڵی باوكی (نوور) دەڵێن هەردووكیان دەكوژین، دوای چەند دانیشتنێك بڕیار دەدرێت ڕادەستی پۆلیس بكرێن و باوكی (نوور) لە دادگا سكاڵا لەسەر (شاد) تۆمار دەكات، بەوەی دەستدرێژی بەرامبەر كچە ١٧ ساڵەكەی كردووە، ژنی (شاد)یش سكاڵا لەسەر (نوور و شاد) تۆمار دەكات، بەوەی كە ناپاكیان لێی كردووە.

(نوور) دەڵێت ژنەكەی (شاد) سكاڵاكەی كشاندووەتەوە و ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆئەوەی (شاد) هاوسەرگیری لەگەڵ مندا بكات، بەڵام باوكم لەسەر داواكەی بەردەوامە و دەیەوێت لەرێگەی یاساوە ئەو بە سزای خۆیی بگات.

پارێزەر (سیروان عەزیز)، سەبارەت بە كەیسی (نور) كه‌ دوو ساڵ پێش ئێسته‌ ڕوویداوه‌ بۆ "وشە" دەڵێت، لەڕووی یاساییەوە، ئەم تاوانە دەچیتە ژێر باری مادەی (٣٩٣ – ٣٩٤) لە یاسای سزاكانی عێراقی، مادەی(٣٩٣) دەیگرێتەوە و ئەو مادەیەش دوو بڕگەی هەیە، بڕگەی یەكەم (نوور) دەگرێتەوە، چونكە تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵە و دەستدرێژی كراوەتە سەر، كە تاوانبار بە توندترین سزا، كە (بەندكردنی تاهەتایی) یاخود ماوی "٥ بۆ ١٥" ساڵ بەندكردن دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەگەر بێت و (نوور) هاوسەرگیری لەگەڵ (شاد) بكات ئەوكاتە، هەموو لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە و كەیسە و ئەو كوڕەش دادەخرێن، لە دادگا هاوسەرگیرییان پێ دەكرێت، بەڵام بەو مەرجەی تاوەكو سێ ساڵ نابێت بە داواكاری (شاد) لەیەكتر جیا ببنەوە، چونكە ئەگەر بەهۆكاری ئەوە لەو سێ ساڵەدا لەیەكتر جیا ببنەوە، ئەوا دووبارە لێكۆڵینەوەكان دەربارەی كەیسەكە دەست پێ دەكەنەوە، بەڵام دوای ئەو سێ ساڵە هیچ تاوانێك لەسەر (شاد) نامێنێت كە لەسەریدا تۆمار كراوە.

توێژەری كۆمەڵایەتی (ئاكۆ حاجی)، سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی (نوور) لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە بۆ "وشە" گوتی، پێویستە یەكەم هەنگاو لەڕووی یاساییەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، دووەم ڕیگە دەبێت ماڵی باوكی (نوور) ئەوە قبووڵ بكەن كە بەزۆر ئەو كارەی بەرامبەر كراوە و دەبێت باشتر چاودێری بكەن و لە هەموو بەركەوتنێك بیپارێزن، دەبێت لەناو خێزاندا بە باشتر قبووڵ بكرێتەوە و بێ ئەوەی هەستی بریندار بكرێت، هەروەها (نوور) دەبێت بیر لەو ڕێگەیانە بكاتەوە كە گەیاندوویانەتە ئەو دۆخەی  ئێستەی و جارێكی تر نەگاتەوە بەو ئەنجامە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل