باشیك...پێشمه‌رگه‌ زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعشی كوشت

:: PM:02:45:07/11/2016 ‌

فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای كرد، كە ئێستە لەناو باشیك خەریكی پاككردنەوەی تیرۆریستانین و زیانی زۆرمان لێداون و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەش بەردەوامە. بەگوێرەی زانیارییەكانیش تا ئێستە زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعش كوژراون.

لیوا ئەحمەد كۆیی فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە شەڕی ڕزگاركردنەوەی باشیك، لە نێو باشیكەوە بۆ "وشە" گوتی، ئێمە لە مەفرەقی عەزاوییەوە پێشڕەوی تەواومان كردووە و ئێستە لەناو باشیكداین و ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبینەوە، گورزی كەمەرشكێنمان لێداون و بەردەوامیشین لە كێوماڵكردنی شارەدێكە.

هەروەها گوتی، زیانەكانی داعش بێشومارن و پێشمەرگەش بە ورەیەكی بەرزەوە بەردەوامن لە پێشڕەوی و تیرۆریستان توانای شەڕی ڕووبەڕوویان نەماوە و تەنیا وەكو خۆكوژ دەیانەوێ زیان بە پێشمەرگە بگەیەنن.

ئاماژەی دا، ژمارەیەكی زۆری خۆكوژی داعش كوژراون، داعش دەیەویست بە خۆكوژەكان رێ لە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بگرێ، بەڵام پێشمەرگە بێ سڵەمینەوە ئەو پلانەی تیرۆریستانی پووچەڵ كردەوە و سەرجەم خۆكوژەكان بەر لەوەی بگەنە ئامانجەكانیان كوژراون و لەنێوبراون و زیانێكی ئەوتۆ بەر پێشمەرگە نەكەوتووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستە زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعش كوژراون و پێشمەرگەش لە هەرسێ قۆڵەوە چووەتە نێو باشیك و خەریكی پاككردنەوە و كێوماڵكردنی گەڕەكەكانی شارەدێكەیە.

سەعات 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سێ قۆڵەوە دەستیان بەپێشڕەوی كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەدێی باشیك.

باشیك یەكێكە لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و دەكەوێتە 20 كیلۆمەتری باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ، ناوچەیەكی كشتوكاڵی دەوڵەمەندە و ژمارەیەكی زۆر لە باخی زەیتوونی تێدایە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د