جگه‌ له‌ داننان به‌ كوردستان چاره‌سه‌رێكی تر نییه‌
ئەفسەرێكی ئەمەریكا: كوردەكان لە كۆتادا سەربەخۆ دەبن

:: PM:12:02:11/10/2017 ‌
ئەفسەرێكی پێشووی ئەمەریكا لە وتارێكدا دەڵێ، شەڕكردن دژی كوردستان كارێكی گەمژانەیە و ئەوان مافی خۆیانە سەربەخۆ بن و فیشەكی سەربەخۆییشیان تەقاندووە، بەڵام كاتی دەوێ تا ئامانجەكە دەپێكی و سەربەخۆیی خۆیان ڕادەگەیەنن، لەتەك دژایەتیكردنی كوردستانیش، دەستی باڵا و بەرز هەن كە بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەنگ بەرز دەكەنەوە.

دێڤد تی جۆنز ئەفسەری خانەنشینكراو لە خزمەتی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ماوەی 30 ساڵ لە وەزارەتی دەرەوە كاری كردووە، خاوەنی سەدان وتار و ستوون و كتێبە لەسەر پرسە سیاسی و سەربازییەكان، هاوكات وەك ڕاوێژكاری سوپاسالاری ئەمەریكا كاری كردووە، بەناوبانگترین كتێبیشی "جێگرەوەی ئەمەریكای باكور: كەنەدا و ئەمەریكا دەتوانن چی لە یەكترەوە فێر ببن". لە وتارەكەیدا دەڵێ،  ئایا كوردەكان ئەم جارە ڕێی خۆیان دۆزیوەتەوە؟ ئەوان گەل و گرووپێكی نەتەوەیی جیاوازن، زیاتر لە سەدەیەكە ویستی ئەوان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان پەراوێز دەخرێ، ئەو دەوڵەتانەی خاكی كوردستانی گەورەیان تێدایە كوردستان ناچار دەكەن خۆی ڕادەست بكات و خاك و سەرچاوەكانی هەر لە ژێر دەستی خۆیان دەهێڵنەوە، هەریەك لە توركیا و ئێران و سووریا و عێراق هیچ بەرژەوەندییەكیان لەوەدا نییە ڕێز لە خەباتی كوردەكان بگرن، جگەلەوەیش پێوەندی دووقۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەشێك لەو وڵاتانەی دراوسێی كوردستان، زۆر گرنگترە لە هەوڵەكانی كورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، ئەمە كارێكی پیسە و واقیعێكە، كە پشتیوانی دروستبوونەوەی كێشەی تر دەدا، بەشێك لە توركەكان كوردەكان بە تیرۆریست هەژمار دەكەن، بەڵام سەربەخۆیی كوردستان فیشەكێكە هاوێژراوە، ڕاستە دوور دەڕوات و تا ئامانج دەپێكی، بەڵام لە كۆتادا ئەگەری گەیشتن و پێكانی ئامانجی گەلێك زۆرە.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكان ژمارەی كوردەكان 30 تا 45 ملیۆن كەس دەبێ و تەنیا لە ئەڵمانیا ملیۆنێك و 500 هەزار كورد بوونیان هەیە، كوردستانی گەورە خاكەكەی گەورەتر لە وڵاتی ئۆكرانیا و ئەرجەنتین و تۆزێكیش لە ئیسپانیا بچووكترە، خەباتی ئەوان بەردەوام ڕووبەڕووی ڕیشەكێشی و كۆمەڵكوژی و خوێنڕێژی كراوەتەوە لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و بە دڕندانەترین شێوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، كەمایەتییەكان لە دژیان بەكار هێنراوە،بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بە زۆر خوێندن و نووسین و كولتووری وڵاتانی تریان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام نەیانتوانیوە كولتووری كورد لەناو ببەن. بەم دواییە پێوەندییەكانی كورد لەگەڵ ئەنكەرە لاواز بوو، بەڵام تا ئێستە ئاشتی لە نێوانیان هەیە، لە وڵاتانی تر جەنگی ناوخۆیی هەیە و ئاشتییەكی ساردیش لە ئارادایە، كوردانی عێراق لە هەموو شوێنێك زیاتر نزیكن لەو ئامانجە ئەوان 17% عێراق پێك دەهێنن و زۆرینەی ناوچەكانی باكوری عێراقیان بەدەستەوەیە، ئێستە ئەوان ناوچە دەوڵەمەندەكانی نەوتیشیان لە ژێر دەستە بە تایبەت لە كەركووك، پێشتر هێزەكانی عێراق كۆمەڵكوژی و كوشتارگەی گەورەی كوردەكانیان كردووە، بۆیە كوردەكان لە جەنگی گەردەلوولی بیابان دڵخۆش و شادمان بوون و لە 200یش بەشداری سەرەكی ڕووخانی سەدام و ڕژێمەكەی بوون.

دوای 2003 كوردەكانی عێراق لەگەڵ بەغدا كەوتنە گفتوگۆ بۆ دەستەبەركردنی حوكمی خۆبەڕێوەبەری زیاتر و زاڵ بوون بەسەر سەرچاوە ئابوورییەكان، ئەمەیش بە ناكۆكی نێوان هەردوولا بەردەوامی هەبوو تا هاتنی داعش، تیرۆریستان لە 2014 هاتن و سوپای عێراق لە بەردەمیان هەڵوەرین و ناوچەیەكی یەكجار فرەوانیان داگیر كرد، بەڵام پێشمەرگە لەگەڵ داعش ڕووبەڕووبوونەوە و سەرەنجام تیرۆریستانیان تێك شكاند، ئەمەیش لە كاتێكدا بوو پێشمەرگە چەكی سووكیان لە بەردەست بوو، بەڵام ڕۆڵی گەورەیان بینی لە شكاندنی تیرۆریستان و گرتنەوەی مووسڵ كە ناوەندێكی گەورەی تیرۆریستان بوو لە عێراق، دوای تەواوبوونی جەنگی مووسڵ و بێ ئومێدبوونی كوردەكان، ئەوان لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر بە ڕێژەی 72% بەشداری ڕیفراندۆمیان كرد و زیاتر 92%یش دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، ئەمەیش بە تەواوی دژی كاروانەكەی عێراق بوو، بۆیە بەغدا بەتوندی هەڵوێستی وەرگرتووە و تووڕەیی خۆی بەسەر كوردستان دەبارێنێ، هەریەك لە ئەمەریكا و توركیا و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دژی ڕیفراندۆم بوون، سەرەڕای ئەوانە بەڵام كوردەكان دەستی باڵا و بەرزیان لە پشتە وەك سەرۆكی تەواوی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كە لە ماوەی ڕابردوو دووپاتی كردەوە، پێویستە ئەمەریكا پشتیوانی سەربەخۆیی كوردەكان بكات، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەیەوێ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكات تا بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە یەكتر جیا ببنەوە. هەوڵدان بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر كوردستان كارێكی گەمژانەیە و ڕوو نادات، چونكە هەمووان لە شەڕی تیرۆر توانای پێشمەرگەیان بینیوە، بەڵام تەقاندنی فیشەكی سەربەخۆیی كوردستان تا ئامانجەكە دەپێكی، ڕەنگە مەوداكەی درێژ بێ، بەڵام لە كۆتادا هەر بە ئامانج دەگات و سەربەخۆیی ڕادەگەیەنرێت.

سەرچاوە/ theepochtimes



وشە - باز ئه‌حمه‌د