خانمان چییان لە پیاوەكانیان دەوێ؟

:: PM:03:45:07/11/2016 ‌

ئافرەتان لە ھەڵبژاردندا وردن، بایەخ بە بچووكترین وردەكاری دەدەن، بۆ ئەوەی بتوانی جێی بایەخی بیت، پێویستە ئەم ئامۆژگارییانە رەچاو بكەیت.

ئێمە لێرە ئەو خاڵانە باس دەكەین كە وا دەكات ئافرەت لێت دوور بكەوێتەوە، بۆ ئەوەی تووشی ئەوە نەبی پێویستە ئەم وردەكارییانە فەرامۆش نەكەی:

-بۆنی ناخۆش: وا نەزانی ئەو بۆنی عارەقەی لێت دێت، بۆنێكی پیاوانەیە و ژنان پێیان خۆشە، بەپێچەوانەوە، خانمان شەیدای بۆنی خۆشن، ئەوان ئەو كاتە بۆنی تۆیان پێ خۆشە كاتێك لەگەڵ عەتری نایان ئاوێتە بووبێت، بۆیە پێویستە ئاگاداری خاوێنی و بۆنی خۆش بیت.

-ھێشتا زۆرێك لە پیاوان گرنگی خاوێنكردنەوەی ددانەكانیان بەكەم دەزانن و فەرامۆشی دەكەن، بەڵام كە دەتەوێ ئەو خانمەی خۆشت دەوێ لێت بێزار نەبێ، دەبێ بایەخێكی تایبەت بە خاوێنی و سپێتی ددانەكانت و بۆنی دەمت بدەیت.

-خاوێنی و رێكوپێكی جلوبەرگەكانت زۆر گرنگە بۆ سەرنجی بەرامبەرەكەت، پیاو بێت یان ئافرەت، بەڵام لای ئافرەتان ئەناقەت و كەشخەیی بەرگ زۆر گرنگە، ئەمەش بە گرانبەھایی و بەرگەكە نییە، بەڵكو بە رێكوپێك لەبەركردنەكەیەتی، ئیتر ھەرزانی و گرانی جیاوازە.

-تەراشكردن و لاشەیەكی خاوێن لە مووی زیادە و پیسی زۆر گرنگە، رەنگە ھێشتنەوەی كەمێك ریش لای ھەندێك ئافرەت جێی سەرنج بێت، بەڵام دەبێ وا نیشانی بدەی كە بۆ كەشخەیی ھێشتووتەوە نەوەك لەبەر بێ بایەخی و تەنبەڵی، ئەگینا ناتوانێ ببێتە ھۆی سەرنجڕاكێشان، ھەر وەك چۆن نابێ گەندەمووی سەرگوێ و زۆر شوێنی دی نابێ بھێڵیت.

-ئەگەر قژت رووتاوەتەوە لە نێوچاوان و ھەندێ شوێنی دی، ھەوڵ مەدە بە ھێشتنەوەی قژی شوێنەكانی تر پڕی بكەیتەوە و بیشاریتەوە، لای خانمان ئەو جۆرە دیمەنە زۆر ناشیرینە، بگرە تاشینی قژ بەتەواوی زۆرجار لای خانمان نیشانەی پیاوەتی و جوانییە، واتە لە نێوان ئەو دوو بژاردەیە، دووەم ھەڵبژێرە.

-دەستی پیس ھۆكارێكی زۆر بەھێزە كە ھاوسەرەكەت تاقەتی نەبێت لێت نزیك ببێتەوە، ھەردەم خاوێنی نینۆكەكان و دەستت رابگرە و پەنجە مەكە بەلووت و دەمتدا چونكە خویەكی ناشیرین و بێزاركەرە لای خانمان.

-چەوركردنی قژ و بریقەداركردنی لەلای ئافرەت جێی سەرنج نییە و بەھەڵە تێمەگە، ئەو جۆرە مۆدێلانە بەسەرچووە و بەكاری مەھێنە.

سەرچاوە: azwaj.mo22


وشە - موحسین شابان