پاش زیاتر لە مانگێك لە بایكۆتی خوێندنی بەشێكی هەرێمی كوردستان كە بووەتە هۆی پەككەوتنی كەرتی خوێندن لەو شوێنانە، رێكخراوی یونسێفی جیهانیش هۆشداری لەچارنووسی خوێندن لە كوردستان دەدات و هێما بۆ ئەوە دەكات، كە بایكۆت كردنی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە، بە هۆكاری سیاسییە نەك دارایی و دواكەوتنی مووچە.
شیروان محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی كەلار بە "وشە"ی راگەیاند، بەردەوامبوونی بایكۆت لە هەندێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، دەرهاویشتەی خراپی لێ كەوتووەتەوە، وەك وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن كە تەنیا لە سنوورەكەی ئێمە خاوەنی هەزار قوتابیی دابڕاوین لە خوێندن.
زیاتر گوتی، ئەوەی لە هەمووی مەترسیدارترە، رێكخراوی "یونسێف" سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە تایبەتە بە منداڵ، هۆشداری لەبارەی ئەو ڕەوشە داوە كە لە سنوورەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان تووشی هاتوون و بووەتە هۆی دابڕانی زیاتر لە 600 هەزار قوتابیی ئەو سنوورانە لە خوێندن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی كەلار، بەپێویستی زانی هەوڵی ڕژد بدرێت و گوتی، تكا دەكەین چارەنووسی ئەو ژمارە زۆرەی قوتابییان نەفەوتێ و بە فیرۆِ نەچێ.
لای خۆشیەوە پشتیوان محەمەد، وەك بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتیی قوتابییانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە لەم رۆژانەدا مەترسی بەفیرۆچوونی ئەمساڵی خوێندنمان بە بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان گەیاند، بەڵام ئەو بە راشكاوی گوتی، دەبێت لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی ڕژد بدەن.
لە راگەیەنراوێكدا كە "وشە" وەك زانیاری لە بەرپرسانی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە دەستی كەوتووە، نوێنەری رێكخراوی یونسێف لە كوردستان، دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هۆكاری بایكۆتكردنی دەوام لە سنوورەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، سیاسییە نەك دارایی.
عەبدولقادر كاكە سوور نوێنەری یونسێف لە كوردستان هۆشداری داوە كە باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی بزانرێت هۆكاری بایكۆت لە هەندێك ناوچەی كوردستان، سیاسییە، ئەوەیە كە خوێندن لە هەولێر و دهۆك ئاسایییە.
گەرمیان/ سەبری هۆرینی