هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش دەكرێت

:: PM:05:44:12/10/2017 ‌
بڕیارە هەفتەی داهاتوو خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو بكرێتەوە و خشتەكەش بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێ دەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تشرینی یەكەم، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا خشتەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.

زیاتر گوتی، خشتەكە بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێ دەكات و ڕەنگە مووچەی مامۆستایانیش پێش بخرێت.

سەرچاوەكە دڵنیایی دا كە تا كۆتای ئەم مانگە تەواوی فەرمانبەران و دەزگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی ئاب وەردەگرن و هیچ كێشەیەك لە دابەشكردنی مووچە نابێت.

هاوكات پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كردبووەوە كە مووچەی مانگی ئاب بە پێی سیستەمی بایۆمەتری دابەش دەكرێت و هەر فەرمانبەرێك بەشداری تۆماری بایۆمەتری نەكردبێت ناوی لە لیستی مووچەدا نابێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم