هەولێر.. گوندێكی كولتووری دروست ده‌كرێت

:: PM:07:21:07/11/2016 ‌
بەمەبەستی سەرنج ڕاكێشانی گەشتیاران و زیندوو كردنەوەی كۆمەڵێك لە نەریتی كۆنی كوردەواری گوندێكی نوێ‌ لەشاری هەولێر دروست دەكرێت.

نادر ڕۆستایی بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی گەشت و گوزار بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی دروست كردنی گوندێكی كولتوری پێشنیار كراوە بۆمان لەلایەن دوو هاووڵاتی بۆ ئەوەی داب و نەریتی گوندەكان زیندوو بكەنەوە و سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیاندا ڕابكێشن ".

ڕۆستایی دەڵێت: " پێشنیار ئەكەم ئەم گوندە لەسەر شەقامێكی سەرەكی بێت و سەرنجی زۆرترین گەشتیار بەلای خۆیدا ڕابكێشێت بۆ ئەوەی سوودی لێببینین بۆ بواری گەشتیاری".

داود محەمەد خاوەنی پڕۆژەی دروستكردنی گوندێكی نوێی كوردەواری بۆ "وشە" دەڵێت: "ئەم گوندە دروستكردنی پێویستی بە پارەیەكی باش ئەبێت، لەم كاتەدا هیچ پارەیەكم لەژێر دەست نییە، بەڵام كۆمەڵێك هەنگاو هەیە ئەیگرمە بەر بۆ بەدەستهێنانی پارە ".

داود دەڵێت "بۆ بەدەستهێنانی پارە هەندێك زەویم هەیە دەیفرۆشم تا ئەو پارەیە بەدەستبێنم بۆ ئه‌وه‌ی گوندێكی كوردەواریی بەسەرجەم كەل و پەلە كوردەوارییەكانیەوە دروست بكەین و نەریتی باب و باپیرانمان بەسەرجەم ئەو كەرستانەی ئەو كاتەی بەكاریان هێناوە بیخەینە بەرچاوی گەشتیاران و نەوەكانمان كە بڵێین ئاوا ئێمە پێش كەوتووینە ".

لەبارەی شێوازی گوندەكه‌ و شوێنی دروستكردنی، داود دەڵێت: "بێگومان لە هەولێر دروستی دەكەم و ژووری میوانداری و كتێبخانەی كۆنی كوردی و كەل و پەلی كێلان و دروستكردنی گوندێك بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە".

دروستكردنی گوندی كولتوری لە جیهاندا باوە بۆ نیشاندانی داب و نەریتی هەر شار و وڵاتێك، زۆربه‌ی وڵاتانیش بۆ راكێشانی سه‌ره‌نجی گه‌شتیاران و زیندوو راگرتنی مێژووی ژیان و خه‌باتیان گرنگیه‌كی زۆر به‌ دروستكردنی گوندی كولتووری ده‌ده‌ن.

هه‌ولێر/ رامیار جواد


وشە - عه‌لی سدیق