بەرشەلۆنە كێ دەكڕێ و كێ دەفرۆشێ؟

:: AM:11:42:14/10/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تەواوی پلانەكانی بۆ ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو رێكخستووە و بڕیاریداوە چەند یاریزانێكی بەشێوەی یەكجاری بفرۆشێ و لەشوێنی ئەوانیش چەند یاریزانێكی نوێ بكرێ.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە لەسەر فەرمانی ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەر خۆی لە فرۆشتنی چەند یاریزانێكی یەكلایی كردووەتەوە كە گرینگترینیان ئەردا تۆرانی ئەستێرەی توركییە، كڕیاری سەرەكی ئەو یاریزانەش یانەكانی ئارسناڵی ئینگلیزی و گەلەتەسەڕای توركین.

یانەی بەرشەلۆنە تەواوی كارەكانی گرێبەستەكەی یاری مینای بەرگریكاری كۆڵۆمبی لە یانەی پاڵمیراسی بەڕازیلی تەواو كردووە و لە ئێستادا چاوەڕێی ئیمزاكردن و رێككەوتنی یەكجاری دەكات بەبەهای 9 ملیۆن یۆرۆ.

یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەوەی هاوینی رابردوو لە رازیكردنی ماركۆ ڤیراتی ئەستێرەی ئیتاڵی سەركەوتوو نەبوو، بڕیاریداوە بۆ بەهێزكردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ جۆن سێری ئەستێرەی یانەی نیسی فڕەنسی بكات، ئەگەر هەوڵەكانی بۆ ئەو یاریزانە سەری نەگرت روو لە لیۆن جۆریتزكای ئەستێرەی یانەی شالكەی ئەڵمانی دەدات.

یانەی بەشەلۆنە هەروەها دەستبەرداری ئامانجە سەرەكییەكەی نەبووە كە گرێبەستكردنە لەگەڵ فیلیپی كۆتینیوی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی، دوای ئەوەی چەند رۆژێك پێش ئێستا وا بڵاو كرایەوە كە یانەی لێڤەرپوول ئامادەیی فرۆشتنی دەربڕیوە.

یانەی بەرشەلۆنە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو بڕی 100 ملیۆن پاوەنی ئامادە كردووە و بڕیاریشی داوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا بۆ دەستكەوتنی سەرجەم ئامانجەكانی تا 150 ملیۆن پاوەنیش خەرج بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م