شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە چوارچێوەی گرتنەبەری ستراتیجێكی نوێ لە دژی ئێران، فەرمانی بە وەزارەتی گەنجینە كرد سوپای پاسداران بخاتە نێو لیستی سزادان و باسی لەوەش كرد كە ئێران رێككەوتنی ناوكی پێشێل كردووە، بۆیە دەبێت پێش بە هەژموونی ئێران لە ناوچەكە بگیرێت.
ترەمپ بە ئاشكرا گوتی ئەگەر رێككەوتنەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئەنجامەكەی لە ئێستەوە دیارە كە جگە لە تیرۆر و توندوتیژی و هەڕەشەی مەترسیداری پەرەپێدانی چەكی ناوكیی هیچ دەرهاویشتەیەكی تری نابێت.
سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، "ئەگەر بە هاوكاری كۆنگرێس و هاوپەیمانەكانی بە رێگەچارەیەكی گونجاو نەگات، ئەوا یەكلایەنە كۆتا بەم رێككەوتنە دەهێنێت."
لە پێوەندی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ گوتی سوپای پاسداران لە ناوچەكە پشتیوانی تیرۆرە و داوای لە وەزارەتی گەنجینە كردووە بیخاتە نێو لیستی سزاكانەوە.
بەبۆچوونی ترەمپ، خەڵكی ئێران نرخێكی زۆریان داوە بەهۆی رەفتاری سەرەڕۆیانەی رژێم و رێبەرانیانەوە و گەشبینی خۆیشی دەربڕی لەبارەی ئەوەی بە گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ ئاشتی لە ناوچەكە بەدی بهێنرێت. ئەو ئاماژەی بە ساڵی ١٩٧٩ كرد كاتێك رژێمی تازە دەستی بەسەر باڵوێزخانەی ئەمەریكادا گرت و دەستدرێژییەكانی تا ئێستە بەردەوامە. ئێران تەنیا ئەمەریكا بە دوژمنی خۆی نازانێت، بەڵكو خوێندكاران و خۆپێشاندەرانی وڵاتەكەشی بە دوژمن دەزانێت.
بەگوێرەی "
رادیۆ فەردا" لە یەكەم هەڵوێستیدا دوای بڵاوبوونەوەی وتارەكەی ترەمپ، پۆل رایان سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، پشتیوانی لە بڕیاری نوێی ترەمپ دەكات و بە تەواوی هاوكاری حكوومەت دەكات. هاوكات وەزارەتی گەنجینەش بڵاوی كردەوە كە دەست بە جێبەجێكردنی فەرمانەكەی ترەمپ دەكات.
ستراتیجی نوێی ئەمەریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن دوو وڵاتەوە پشتیوانی لێ كرا كە بریتی بوون لە هەریەك لە سعوودیە و ئیسرائیل. بەڵام فدریكا موگرینی نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا گوتی، یەك وڵات ناتوانێت بە تەنیا رێككەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە و داوای لە وڵاتان كرد هاوكاری بكەن بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە بە تەواوی جێبەجی بكرێت.
دوای ئەو بڕیارانەی ترەمپ، كۆنگرێسی ئەمەریكا دوو مانگ دەرفەتی هەیە تا لەبارەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا بڕیار بدات.
جێمس مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دوای وتارەكەی ترەمپ گوتی، وڵاتەكەی بە وردی چاودێری هەنگاوەكانی ئێران دەكات.
كۆمەڵێك بەڵگەنامە دەریدەخەن كە ئێران وازی لە بەرهەمهێنانی چەكی ناوكی نەهێناوە و ترەمپیش ئەو بەڵگانەی بەدەست گەیشتووە، بۆیە دەیەوێت بە توندی بەرامبەر بە ئێران بوەستێت.
ئێران جگە لە چالاكییە ناوكییەكانی، لە فراوانخوازییەكان و سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەكەش بەردەوامە. ئێستە هێزەكانی سوپای پاسداران لە هەریەك لە وڵاتانی سووریا، عێراق، لبنان، یەمەن و چەندی شوێنی تر بە ئاشكرا چالاكیی سەربازییان هەیە و سیاسەتی نوێی ئەمەریكاش كورتكردنەوەی دەستی سوپای پاسدارانە لە ناوچەكە.
لە كاتێكدا سزا بەسەر سوپای پاسداراندا دەسەپێنرێت كە ئەو هێزە لە عێراق هانی توندوتیژی و جەنگ دەدات و دەیەوێت حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بخاتە ناو جەنگی پێشمەرگەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە باشووری كەركووك زیادی كردووە و تەنانەت پیلانی هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان هەرزوو لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاشكرابوو و هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر جۆرە هێرشێك ببنەوە.
ئەگەر سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی بكەوێتە نێو لیستی تیرۆرەوە، ئەوا ئەو هێزە ناتوانێت بە ئاسانی لە عێراق بمێنێتەوە و ئەمەریكا هەموو هەوڵێك بۆ دوورخستنەوە و لەناوبردنی دەدات و هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت.
ئەمەریكا لە پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی نەبوو، بەڵام لە حاڵەتی روودانی هەر جەنگێك لە نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، پێشبینی دەكرێت ئەمەریكا پاڵپشتی لە پێشمەرگە بكات و رێگری لەوە بكات حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی سوپای پاسدارانی ئێران ئەسپی خۆی لە ناوچەكە تاو بدات.
ئەگەر سوپای پاسداران بە فەرمی بكەوێتە نێو لیستی تیرۆر، ئەوا هەرێمی كوردستان سەرئێشەیەكی گەورەی لە كۆڵ دەبێتەوە و ئێران چیتر ناتوانێت لە سنوورەكانەوە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست بكات و تەنانەت پێشبینی دەكرێت یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتیش بدرێت بۆ ئەوەی بە رژدی جەنگی تیرۆر بكات.
ئامانجی سوپای پاسدارانی ئێران ئەوەیە لە رێی عێراقەوە دەستی بە سووریا و لبنان و دواجار دەریای ناوەڕاست رابگات، ئامانجێك كە ئەمەریكا و ئیسرائیل دژین و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی رێگری لەم سیاسەتەی ئێران بكەن.