به‌غدا به پێشێلكردنی ڕێككه‌وتنی شیكاگۆ بۆ فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی، قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان كردووه، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی كوردستان دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته به‌رده‌وامن، له چوارچێوه‌ی سزادانی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستانیش، جگه‌له‌وه‌ی ئێسته خه‌ڵك بۆ مه‌به‌ستی پزیشكی ناتوانن گه‌شتی ده‌ره‌وه بكه‌ن، هاوكات له ڕووی دارایییه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای بڕینی بودجه، تا ئێسته ته‌نیا فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی زیانی 600 تا 700 هه‌زار دۆلاری به‌ركه‌وتووه.
ڕێككه‌وتنی شیكاگۆ
له حه‌وتی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 1944 نوێنه‌ری 52 وڵاتی دنیا له شیكاگۆ دوای ماوه‌یه‌ك گفتوگۆ و ڕێكخستن، واژوویان له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی شیكاگۆ بۆ فڕۆكه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی كرد، دواتر وڵاتانی تری دنیا یه‌ك له دوای یه‌ك چوونه نێو ڕێككه‌وتنه‌كه و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی "ئیكاو"ی لێ كه‌وته‌وه و تا 2013یش 191 وڵاتی دنیا ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یان واژوو كردووه و پێوه‌ی پابه‌ندن. به‌گوێره‌ی به‌ند و ماده‌كانی ڕێككه‌وتنی شیكاگۆ، قه‌ده‌غه‌كردنی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی له چه‌ند حاڵه‌تێك ڕێ پێدراوه و بێ یه‌كێك له‌و بیانووانه پێچه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یه.
به‌غدا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشێل كردووه
له 29ی مانگی ئه‌یلووله‌وه به‌غدا بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ركرد، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه به‌گوێره‌ی ماده‌ی پێنجی به‌ندی دووه‌می ڕێككه‌وتنی شیكاگۆ، پێشێلكارییه و له ماده‌ی پێنج هاتووه، ئه‌و فڕۆكانه‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵك و پۆست و كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نین، ئه‌گه‌ر له هێڵێكی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تیش ڕێك نه‌خرابن، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه داببه‌زن و بفڕن، ته‌نیا ئه‌وه‌ی پێویسته تابلۆ و تۆماره‌كان ڕاده‌ستی حكوومه‌ته‌كان بكه‌ن. هه‌روه‌ها له ماده‌ی نۆدا هاتووه، هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندام له ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی بۆی هه‌یه كۆسپ و قه‌ده‌غه‌ی هه‌ڵسان و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی هه‌موو وڵاتێك بكات له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو یان هه‌رێمێك، پێویسته هۆكاره‌كانی داخستنیش پێوه‌ست بن به پرسی جه‌نگ و ئاسایشی گشتیی ناوچه‌كه، جگه‌له‌و حاڵه‌تانه هیچ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یه‌ك نییه بۆ قه‌ده‌غه‌كردن، هاوكات پێویسته ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌یش به فه‌رمی ڕابگه‌یه‌نرێ كه كه‌ی كۆتای قه‌ده‌غه‌ی فڕین له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌ك یان هه‌رێمێك ده‌ست پێ ده‌كات و كه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه هه‌ڵده‌گیرێت. له بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی نۆدا هاتووه، هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندام مافی هه‌یه قه‌ده‌غه‌ی فڕین بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌سه‌ر ناوچه و هه‌رێمێكی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، به‌هۆی دۆخێكی له‌ناكاوه‌وه یان ته‌نگژه‌یه‌ك یان هۆكارێكی ته‌ناهی.
هاوكات له ماده‌ی 47ی ڕێككه‌وتننامه‌ی شیكاگۆ هاتووه، ده‌سته‌ی گشتیی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی نێوده‌وڵه‌تی بۆی هه‌یه كه نوێنه‌رایه‌تی یاسایی له هه‌رێمێك وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌عنه‌وی هه‌بێ، له‌كاتی بوونی ته‌نگژه، به مه‌رجێك دژی ده‌ستوور و و یاساكانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌بێ كه هه‌رێمه‌كه‌ی تێدایه، به‌مه‌یش فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی له هه‌رێمی كوردستان كارێكی ته‌واو یاسایی و ئاسایییه و ده‌توانرێ داوا له ئیكاو بكرێ و نوێنه‌رایه‌تی یاسایی خۆی له كوردستان هه‌بێ.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه له هه‌وڵدان به‌رده‌وامه
بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و هاتنی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئومێد محه‌مه‌د گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامن و له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دانیشتین و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر هێڵه و ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانیش تا ئێسته به‌غدای له‌و بڕیاره په‌شیمان نه‌كردووه‌ته‌وه. له‌باره‌ی تۆماركردنی سكاڵا دژی عێراق له‌سه‌ر وه‌ستاندنی گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تیی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن گوتی، به‌پێی ڕێككه‌وتنی شیكاگۆ عێراق چۆن ڕێ به گه‌شتی ناوخۆیی ده‌دا، پێویسته ڕێ به گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تیش بدات، به‌ڵام تا ئێسته دۆخه‌كه نه‌گه‌یشتووه‌ته حاڵه‌تی تۆماركردنی سكاڵا و چوونه دادگا. چونكه بڕیاره‌كه به ته‌واوی سیاسییه و ئه‌وه‌نده گرنگی به لایه‌نی یاسایی نابێ، بۆیه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.
خه‌ڵكی كوردستان زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه
دوای ئه‌وه‌ی له 29ی مانگ گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تیی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان ڕاگیرا، جگه‌له‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كێشه و گرفتی زۆریان بۆ دروست بووه و بۆ چوونه ده‌ره‌وه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی و خوێندن، ئه‌مه‌یش سزادانی خه‌ڵكی كوردستانه، هاوكات له ڕووی دارایییه‌وه‌ش كوردستان زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه به‌غدا بودجه‌ی كوردستانی بڕیوه و ده‌یه‌وێ له فڕۆكه‌خانه‌كانیشه‌وه زیان به كوردستان بگه‌یه‌نێت.
تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، تا ئێسته دۆخه‌كه وه‌ك خۆیه‌تی و هیچ گۆڕانكارییه‌ك ڕووی نه‌داوه، ئومێدمان هه‌یه و گه‌شبینین كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ببێ، به‌ڵام تا ئێسته هیچ كاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له به‌غداوه نییه، له‌باره‌ی زیانه‌كانیش له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌كه گوتی، له 29ی مانگه‌وه تا ئێسته نزیكه‌ی 600 تا 700 هه‌زار دۆلار زیانمان كردووه.