" قاسم سلێمانی له‌ سلێمانییه‌وه‌ پیلانی داگیركردنی كه‌ركووك داده‌ڕێژێ"

:: AM:09:52:15/10/2017 ‌

شه‌وی ڕابردوو، ئه‌و واده‌یه‌ ته‌واو بوو كه‌ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ پێشمه‌رگه‌یان دانابوو تا ئه‌گه‌ر له‌و ناوچانه‌ی دیارییان كردووه‌ نه‌كشێنه‌وه‌، هێرش ده‌كه‌ن، به‌ڵام تۆكمه‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شاره‌كه‌ و هه‌ستانی خه‌ڵك كه‌ وه‌ك خۆبه‌ش تا به‌یانی چه‌كیان كردبووه‌ شان و جووڵه‌پێكردنی فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان، بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی میلیشیاكان هیچ جووڵه‌یه‌ك نه‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، قاسم سلێمانی له‌ سلێمانییه‌وه‌ پیلانه‌كان داده‌ڕێژێ.

ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی هێزی قودسی سوپای پاسداران و پیلانگێڕی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ شاری سلێمانییه‌ كه‌ به‌ بیانووی سه‌ره‌خۆشی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی ڕۆیشتووه‌، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆك كۆماری عێراق و هاوكاتیشه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ حه‌شد بۆ پێشمه‌رگه‌یان دیاری كردبوو.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ڕۆژنامه‌ی "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ڕای گه‌یاندووه‌، ئێران له‌ ڕێی قاسم سلێمانییه‌وه‌ ده‌یه‌وێ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت دووبه‌ره‌كی له‌ نێوان حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر كه‌ركووك و ڕیفراندۆم دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌ به‌ ئاسانی بخاته‌ ژێر ده‌ستی به‌غدا، ئه‌مه‌ش بۆ ئێران وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ڕكێفی تاران، بۆیه‌ سلێمانی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات و له‌ شاره‌كه‌ به‌ چه‌ندان جۆر چالاكی كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێ ترسیش بخاته‌ دڵی پێشمه‌رگه‌وه‌.

وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی پێ كردووه‌، ئه‌گه‌ر قاسم سلێمانی بتوانێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا بكه‌وێته‌ ڕێككه‌وتن تا هێزه‌كانی له‌ كه‌ركووك بهێنێته‌ ده‌ر، ئه‌وا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ شاره‌كه‌ بده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ "وشه‌"یان ڕاگه‌یاند، ئێمه‌ پابه‌ندی هیچ ڕێككه‌وتنێك نابین كه‌ له‌سه‌ر قوربانیدان بێت به‌ یه‌ك بست خاكی كه‌ركووك.

لای خۆیه‌وه‌ حوسێن یه‌زدانپه‌نا سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستان كه‌ پارتێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگرییه‌، ڕای گه‌یاند كه‌ قاسم سلێمانی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان سه‌رپه‌رشتیی ڕاسته‌وخۆی پیلانه‌كانی تاران ده‌كات بۆ داگیركردنی كه‌ركووك و جووڵه‌كانی به‌ سوپای عێراق و میلیشیای حه‌شد ده‌كرێ هه‌مووی به‌ فه‌رمانی ئه‌و ده‌كرێن و ده‌یانه‌وێ سه‌ره‌تا له‌ ده‌ستگرتن به‌ بیره‌ نه‌وته‌كانی بای حه‌سه‌ن و هاڤاناوه‌ ده‌ست به‌ شاره‌كه‌دا بگرن.

دوێنێ شه‌موو كه‌مال كه‌ركووكی فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری پێنجی هێزه‌كانی رۆژئاوای كه‌ركووك به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ سڵ له‌ هیچ هێزێكی تر ناكه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئێسته‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌وپه‌ڕی پڕچه‌كی و وره‌به‌رزیدان، بۆیه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی خۆمان به‌ته‌واوه‌تی توند كردووه‌ تا ساتی ئه‌و لێدوانه‌، له‌ یه‌ك بستی سه‌نگه‌ره‌كانمان پاشه‌كشه‌مان نه‌كردووه‌.

ئه‌وه‌شی گوت داوا له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ین كه‌ چۆن هاتوون، به‌بێ كێشه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌نگه‌ره‌كانمان نزیك نه‌بنه‌وه‌، چونكه‌ بڕیارمان داوه‌ كه‌ له‌سه‌ر خاكی خۆمان شه‌هید بین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ر به‌نیاز بن به‌رۆكی جه‌نگ له‌ ئێمه‌ بگرن، ده‌بێت ده‌رسێكیان پێ بده‌ین كه‌ تا ئێسته‌ كه‌س به‌وانی نه‌دابێت، به‌شێوه‌یه‌ك تا ئه‌ودیوی حه‌مرین كه‌س نه‌توانێت خۆی رابگرێته‌وه‌.

هه‌ر دوێنێ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ركووكی ئاشكرای كرد، زۆربه‌ی چه‌كدارانی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی عێراقی نین و به‌ زمانی وڵاتێكی دراوسێ قسه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كانگیره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ئاشكرای ده‌كات، به‌شێكی سوپای به‌سیج كه‌ قاسم سوله‌یمانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران به‌شدارن له‌ شه‌ڕه‌كانی عێراق و له‌ ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیان له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق داوه‌.

زانینی ئه‌و ڕاستییانه‌، ئه‌مه‌ریكای ناچار كردووه‌ ته‌واوی هێزه‌كانی عێراقیش بخاته‌ ژێر به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه‌ و به‌گومانه‌وه‌ له‌ جووڵه‌كانیان بڕوانێ، به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌، سوپای پاسدارانی به‌ هێزێكی تیرۆر ناوبرد كه‌ هاوكاریی زۆری تیرۆریستانی كردووه‌ و له‌ ته‌كتیكی نوێی وڵاته‌كه‌دا خستوونییه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌ر هێزێكیش نزیك بێت له‌وان به‌ هه‌مان شێوه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ماوه‌ی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌ پێشمه‌رگه‌ی ڕاگه‌یاند، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان شه‌وی ڕابردوو به‌ ئاسمانی شاری كه‌ركووك ده‌ستیان به‌ جووڵه‌ كرد.

دوای ڕیفراندۆمی 25ی ئه‌یلوول بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ نزیكی 93%ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به‌ جیابوونه‌وه‌ دا، حكوومه‌تی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران چه‌ندان ڕێكاریان گرته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ بكشێته‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌ له‌ ڕێی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ چه‌ندان هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆریان له‌ كوردستان كرد، به‌ڵام كاتێك زانییان هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌ربازی ڕازی نابێت، نه‌یانتوانی هیچ یه‌كێ له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.



وشە - كوردۆ شابان