پاریس سان جێرمان ناچار دەكرێ نیمار بداتە ریال مەدرید

:: AM:11:54:15/10/2017 ‌

ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی تووشی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە لەگەڵ یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) و بە پێشێلكردنی یاساكانی خاوێنی لە تۆپی پێدا تۆمەتبارە.

رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: فیفا بڕیاریداوە لێكۆڵینەوە لە دۆخی دارایی یانەی پاریس سان جێرمانی بكات دوای ئەوەی لەم هاوینەدا پارەیەكی زۆر و خەیاڵی لە گرێبەستی یاریزانەكاندا خەرج كرد بەتایبەتیش لە گرێبەستی نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی كە 222 ملیۆن یۆرۆ بووە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە یانەی پاریس سان جێرمان بۆ ئەوەی لە سزایەكی قورسی دارایی گەورەی فیفا رزگاری بێت دەبێت ئەستێرەیەكی گەورەی بفرۆشێت كە رەنگە ئەو ئەستێرەیەش نیمار بێت.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە لە ئەگەری رازیبوونی یانەی پاریس سان جێرمان بۆ فرۆشتنی نیمار كارەكە ئاسان نابێت، چونكە یانەكە داوای پارەیەكی زۆر دەكات و رەنگە تەنیا یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بتوانێ ئەم پارەیە بدات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید پێشتر هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ كڕینی نیمار كاتێك یاریزانی یانەی سانتۆسی بەڕازیلی بوو، بەڵام ئەستێرەكە دواجار بڕیاری دابوو روو لە یانەی بەرشەلۆنە بكات.

جێی باسە نیمار دوای یاریكردنی بۆ ماوەی 4 ساڵ و تۆماركردنی 105 گۆڵ، هاوینی رابردوو بەبەهای 222 ملیۆن یۆرۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت، لەو ماوەیەشدا 2 خولی ئیسپانی، جامێكی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، 2 جامی سوپەری ئیسپانیا، جامێكی سوپەری ئەوروپا، جامێكی مۆندیالی یانەكان و 3 جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ یانە كەتەلۆنییەكە بەدەستهێنابوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م