به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئێران ڕێی جووڵه‌ی بازرگانی و هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل و هه‌نارده‌كردنی له مه‌رزی په‌روێزخان و باشماخ داخست، تا ئێسته‌یش ڕوون نییه كه له ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌رانیش هه‌مان هه‌نگاو ده‌گرێته‌به‌ر یان ئاسایی ده‌بێ، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێران له‌كاتێكدایه شه‌وی ڕابردوو تاران نه‌یتوانی پیلانه‌كه‌ی بۆ گرتنی كه‌ركووك له ڕێی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه جێبه‌جێ بكات، بۆیه دووباره په‌نای بردووه‌ته‌وه به‌ر فشاری مه‌رزه‌كان و داخستنیان له‌سه‌ر كوردستان.
زانا ره‌حمان قایمقامی شارۆكه‌ی پێنجوێن به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌موو له‌لایه‌ن به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی مه‌رزی باشماخ له دیوی ئێرانه‌وه پێوه‌ندیمان پێوه كراوه كه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی جووڵه‌ی بازرگانی له مه‌رزی باشماخ ده‌وه‌ستێنرێ، حاڵه‌تی هاتوچۆی گه‌شتیار و نه‌خۆش و خه‌ڵك له نێوان هه‌ردوولا ئاسایییه و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه.
هه‌روه‌ها گوتی، هێشتا به ته‌واوی ڕوون نییه كه هۆكاری داخستنه‌كه چییه و ئه‌وانیش به ئێمه‌یان نه‌گوتووه، ته‌نیا پێیان ڕاگه‌یاندوون كه جووڵه و هاتوچۆی بارهه‌ڵگره‌كان بۆ هێنان و بردنی كه‌لوپه‌ل له نێوان هه‌ردوولا وه‌ستێنراوه، به‌ڵام دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه وهستاندنهكه كاتییه و به به‌رده‌وامی نابێ.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئارام سایه‌خان به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی مه‌رزی په‌روێزخان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له سه‌عات حه‌وتی به‌یانییه‌وه ئێران بڕیاری داخستنی مه‌رزی په‌روێزخانیان داوه، دوای داخستنی مه‌رزه‌كه‌یش ئێمه پێوه‌ندیمان به به‌رپرسانی ئێران كردووه و پێیان ڕاگه‌یاندووین كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن و دواتر ئاگه‌دارمان ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته هیچ زانیارییه‌ك و هۆكارێكی ڕوونی داخستنی مه‌رزه‌كه‌یان پێ نه‌داوین.
له‌باره‌ی داخستنی مه‌رزی حاجی ئۆمه‌ران، فه‌رزه‌نگ ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی حاجی ئۆمه‌ران بۆ "وشه" گوتی، هاتوچۆ له مه‌رزی حاجی ئۆمه‌ران ئاسایییه و خه‌ڵك هاتوچۆ ده‌كه‌ن و دوای نیوه‌ڕۆش ڕوون ده‌بێته‌وه كه جموجۆڵی بازرگانی وه‌ستێنراوه یان به‌رده‌وامی هه‌یه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هۆكاری داخستنی سنووره‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، به‌هۆی شكستی پیلانه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو بوو بۆ هێرشكردنه سه‌ر كه‌ركووك له ڕێی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، ئێران دوای ئه‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان هاتنه سه‌ر ئاسمانی كه‌ركووك و هۆشداری توندیان دا، نه‌وێران هێرش بكه‌نه سه‌ر كه‌ركووك، بۆیه به داخستنی سنووره‌كان ده‌یه‌وێ تۆڵه‌ی ئه‌و شكسته‌ی بكاته‌وه، له‌لایه‌كی تریش ده‌یه‌وێ فشاری زیاتر بخاته سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ژێر داواكانی ئه‌وانه‌وه.
ڕێبین پێنجوێنی + بڵند ئیبراهیم.