هەموو شتێك دەربارەی قەبزی

:: PM:05:24:15/10/2017 ‌

قەبزی چییە؟
چوونە سەرئاو لە مرۆڤە لەشساغەكان شیوەیەكی رێك و پێك هەیە و كاتی چوونە سەرئاو پیسایی دەردەچێتە دەرەوە لە لەشی مرۆڤەكان بەبێ ژان و گرفت.

هەرچەندە ژمارەی چوونە سەرئاو لە كەسێك بۆ كەسێكی تر دەگۆرێت، بگرە لە كاتێك بۆ كاتێكی تر لەهەمان كەسدا، بەڵام نزیكەی 95% لە كەسانی لەشساغ ڕێژەیەكی جێگیریان هەیە كە لە نێوان یەك بۆ سێ جار لە ڕۆژێكدا بۆ سێ جار لە هەفتەیەكدایە.

كاتی قەبزی، چوونە سەرئاو یان كەمتر ڕوو دەدات یان ئەوەتە پیسایی ڕەق و وشكە و بەزەحمەت دەردەچێ. زۆربەی كاتەكان، قەبزی تایبەت نییە بە نەخۆشییەك یان بارێكی نەخوازراوی كۆئەندامی هەرس، بەڵكو، گرفتەكە (قەبزی)، هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ جۆری خواردن، شیوازی ژیانی مرۆڤەكان، بەكارهێنانی چەند جۆرێك دەرمان، یان چەند هۆكارێكی تر كە پیسایی ڕەق و توند دەكەن، یان كاردەكەنە سەر دەرچوونی پیسایی و زەحمەتی دەكەن.

هۆكارەكانی قەبزی چین؟
هەندێك لەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی قەبزی ئەمانەن:

خواردنی كەم ڕیشاڵ (فایبەر) - مرۆڤ ڕۆژانە پێویستی بە 25 - 35 گرام لە ڕیشاڵ (فایبەر)، هەیە لە خواردنەكانیدا هەبێت، بۆ ئەوەی پیساییەكەی نەرم بێت وە یارمەتی بدات بۆ دەرچوونێكی تەندروست. بە پێی زانیارییەكانی لێكۆلەرەوان، خواردنی ئێمە كەمتر لە نیوەی ئەم ڕئژەییەی تێدایە.

كەم خواردنەوەی ئاو - بۆ ڕێگریكردن لە ڕەقبوون و ووشكبوونی پیسایی، ڕۆژانە پێویستمان بە لایەنی كەم 6 - 8 (ژەمە) ئاو خواردنەوە هەیە. هەر (ژەمە ئاوخواردنەوە)یەك دەكاتە بەرداغێك ئاو، شیر یان شەربەت، بەڵام دەتوانین ئاوی ناو میوە و سەوزەكانیش بژمێردرێ.

ژیانێكی بێ جوولە - لەبەرئەوەی جوولانەوە و وەرزشكردن پێویستە بۆ هاندانی كرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولكەكانی دیواری ڕیخۆلەكان، نەجوولانەوە و وەرزش نەكردن تووشبوون بە قەبزی زیاد دەكات.

وەلانانی (ئیهمالكردنی) پێویستی چوونە سەرئاو - ئەگەر هەستت كرد كە پێویستە بچیتە سەرئاو و چوویت بۆ سەرئاو، ئەمە دەمارەكان و ماسوولكەكانی دیواری ڕیخۆلەكان هان دەدات بۆ یارمەتیدانی ئەم هەنگاوە. بەڵام هەندێك جار بە هۆی جەنجالی ژیان و سەرقالبوونمان بە كاری تر، یان بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە، یان بەهۆی تەمبەڵییەوە، مرۆڤەكان ئەم هەستكردنە وەلاوە دەنێن. ئەگەر ئەم هەنگاوە دووبارە و سێبارە بكرێتەوە، ئەمە ئەگەری تووشبوون بە قەبزی زیاد دەكات.
گەشت - گەشت تووشبوون بە قەبزی زیاد دەكات بە هۆی گۆڕینی خواردن، تێكچوونی كاتی نانخواردن و نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە.

زیاد بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی - بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی بۆ كاتێكی درێژ و بە شیوەیەكی بەردەوام وا دەكات كە ڕیخۆلەكانت لەسەر ئەم دەرمانانە رابێت و بە بێ ئەو دەرمانانە نەتوانرێ پرۆسەكە بەئەنجام بگات. لەكۆتادا وەك خووی لێ بێت، كە نەتوانرێ بەبێ ئەم دەرمانەنە بژیت.

كاریگەری لاوەكیی دەرمانەكان - چەندان دەرمان هەن كە قەبزی دروست دەكەن، لەوانە (ئەو دەرمانانەی كە ئاسنیان تێدایە، ڤیتامینەكانی كە ئاسنیان تێدایە، كالسیۆم، ئەنتی ئەسید (بۆ كەمكردنەوەی ترشی گەدە) كە ئەلەمنیۆمیان تێدایە، ئەو دەرمانانەی كە بۆ خەمۆكی بەكار دەهێنرێن، ئەو دەرمانانەی كە بۆ شیزۆفرینیا بەكار دەهێنرێن، هەندێك دەرمانی ژانشكێن، بێهۆشی گشتی، میزپێكەرەكان - بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەكاردێن، هەندێك دەرمانی گەشكە، دەرمانەكانی نەخۆشی پاركنسۆن.

ژان یان ناڕەحەتی لە دەورووبەری كۆم و دەرچە - برینداربوون (ناسور) یان مایەسیری وا دەكات كە چوونە سەرئاو ئازاربەخش بێت. كەسێك كە یەكێك لەم نەخۆشیانەی هەبێت، ئەوە هەوڵ دەدات وەڵامی چوونە سەرئاو نەداتەوە یان وەلاوەی بنێ، بۆ ئەوەی تووشی ئەو ناڕەحەتی و ژانە نەبێت. ئەمەش لە كۆتایدا تووشی قەبزی دەكات.

هەندێك جاریش وایە كە قەبزی نیشانەی نەخۆشییەك بێت كە تووشی كۆئەندامی هەرس یان كۆئەندامی دەمار بووە. وەكو نەخۆشی قۆلۆن (IBS)، گیرانی ڕیخۆلەكان، گرێ یان شێرپەنجە لە قۆلۆن، تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقی، زیادبوونی ڕێژەی كالسیۆم لە خوێن، نەخۆشی پاركنسۆن و هیتر.

هەروەها قەبزی لەوانەیە دەرئەنجامی هەندێك نەخۆشی بێت كە تایبەتن بە ژنان، وەكو دابەزین و فتقی منداڵدان، یان بەهۆی كرژبوونی نائاسایی ماسوولكەكانی حەوز.

كێ زیاتر تووشی قەبزی دەبێت؟
قەبزی لە هەموو تەمەن و ڕەگەزێكدا بوونی هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی بەرچاو پاش تەمەنی 65 ساڵی تووشبوون زیاد دكات، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێدا.

قەبزی گرفتێكی زۆر باوە، نزیكەی 80% خەڵك تووشی قەبزی دەبن لە كاتێكی دیاریكراوەی تەمەنیان. لای خۆمان، لە كوردستان، لێكۆڵینەوە كەمە، بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتوو لێكۆلینەوە لەسەر قەبزی زۆرە و دەركەوتووە كە زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار خەرجی ساڵانەی دەرمانەكانی قەبزییە.

پیساییگیران چییە؟
هەندێك جار، قەبزی بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی پیساییگیران، كە بریتییە لە گیرانی قۆلۆن بەهۆی گرێیەك، ئەم گرێیە لە پیسایی پێك دێت، كە كار دەكاتە سەر كرژبوونی ماسوولكەكانی قۆلۆن، ماندوویان دەكات، وایان لێ دەكات نەتوانن ئەو گرێیە بجولێنن. پیساییگیران دەكرێ ببێتە هۆی ژانەسك و ڕشانەوە، بەهۆی ئەمەش لەوانەیە پێویستی بە داخلبوون بێت. ئەم نەخۆشییە، پیساییگیران، زیاتر لە كەسە تەمەن گەورەكان یان ئەوانەی بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەرجێگا كەوتوون.

نیشانەكانی قەبزی چین؟
-كەمتر لە سێ جار چوونە سەرئاو.
-پیسایی ڕەق و بچووك و وشك، كە شیوەی قشپل وەردەگرن، كە ژان و نارەحەتبوون دروست دەكات بۆ دەرچەی كۆم.
-پێویستكردن بە زەخت لەخۆكردن بۆ تەواوكردنی سەرئاوی.
-هەستكردن كە رێكە (المستقیم)، تەواو بەتاڵ نەبووە پاش چوونە سەرئاو.
-بە بەردەوام بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی.

دەستنیشانكردنی قەبزی:
زۆربەی ئەو كەسانەی كە قەبزن دەتوانن خۆیان دەستنیشان و تا رادەیەكیش چارەسەری پێویستی حاڵەتەكەش بكەن.

بۆ نموونە، ئەگەر تۆ تووشی قەبزی بوویت، سەرەتا دەست بكە بە سەیركردنی شیوازی ژیانت، سەیرێكی خواردنەكانت بكە، بنۆرە ئاستی چالاكی و جوولانەوەت، لەگەڵ شیوازی چوونە سەرئاوت، تا ڕادەیەك تێدەگەیت كە گرفتەكە لە كوێیە.

بۆ نموونە، هەر كە پیسایی هات، دەچیت بۆ سەرئاو یان وەلاوەی دەنێی لەبەرئەوەی نەگونجاوە؟

دواتر دەست بكە بە چەند كردارێكی ڕێگریكەر، بۆ نموونە، زیادكردنی ڕیشاڵ بۆ خواردنەكانت، زیاد خواردنەوەی ئاو، وە جوولانەوە و وەرزش كردن. ئەگەر ئەم كردارانە هیچ سوودی نەبوو، ئەوا پێویست دەكات دكتۆری پسپۆر بتبینێ.

كەی پێویستە دكتۆر بتبینێت؟

-بوونی قەبزی و بینینی خوێن لەكاتی سەرئاوی.
-قەبزی لەگەل ژانەسك.
-قەبزی لەگەڵ ئاوسان و گەورەبوونی سك.
-قەبزی لەگەڵ ڕشانەوە.
-بەردەوام بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی، بە شیوەیەك نەتوانی بەبێ ئەو دەرمانانە بچیتە سەرئاو.
-قەبزی لەو كەسانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر جێگا كەوتوون، بەتایبەتی بەساڵاچووان.
-بوونی نیشانەكانی تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقی، وەكو قەڵەوبوون، كەمخواردن، زۆر سەرمابوون و هتر.
-قەبزی و تێكچوونی سووڕی مانگانە لە ئافرەتاندا، لەوانەیە نیشانەی تەمبەلی ڕژێنی دەرەقی بن.

ئەگەر بەدەست ئەمانەی سەرەوە دەناڵێنی ئەوا پێویستە یەكسەر و بەبێ دواكەوتن خۆت پێشانی دكتۆری پسپۆر بدەیت. ئەگەر نیشانەكانت بەهۆی پیساییگیرانەوە بێت، ئەوا دكتۆرەكەت دەتوانی دەستنیشانی نەخۆشییەكەت بكات.

قەبزی لەوانەیە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشی پیسی (گرێ، شێرپەنجە) قۆلۆن. تووشبوون بە گرێی قۆلۆن یان شێرپەنجەی قۆلۆن زیاد دەكات بە زیادبوون تەمەن. ئەوانەی تەمەنیان ژوور 50 ساڵە پێویست دەكات زیاتر گرنگی بەو نیشانانەوە بدەن كە لەوانەیە بەهۆی نەخۆشی پیسەوە بێت.

چەند درێژە دەكێشێت؟
درێژی ماوەی قەبزی دەگۆرێ بەگوێرەی ئەو شتەی (هۆكار) كە قەبزی دروست كردووە. لە زۆربەی كەسە ساغەكان، قەبزی بەرەو چاكبوون و باشتربوون دەچی لە چەند هەفتەیەك لەگەڵ زیادكردنی بڕی ئاو و ڕیشالەكان ناو خواردن و دەستكردن بە چالاكی زیاتر یان وەرزش كردن.

لەگەڵ ئەوەشدا، قەبزی لەو كەسانەی كە لەسەر جێگا كەوتوون یان ئەوانەی كە نەخۆشی كۆئەندامی دەماریان هەیە، بەشیوەیەكی بەردەوام دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆكارێك بۆ گیرانی پیسایی.

خۆپاراستن لە قەبزی:
وەك چۆن هەموومان دەزانین یەكەم هەنگاو بریتییە لە خۆپاراستن، چونكە بەردەوام خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن

-زیادكردنی ڕێژەی ڕیشاڵ لەناو خواردنەكان - سەوزە و میوەكان بە شیوەیەكی گشتی ڕێژەیەكی زۆر لە ڕیشاڵیان تێدایە، جگە لە سەوزە و میوەكان، هەندێك خۆراكی تر هەیە كە ڕێژەیەكی زۆر ڕیشالیان تێدایە لەوانە دانەوێلەكان (پاقلە و نۆك و هیتر)، كەپەك، دانەوێلەی تەواو (واتە ئاردی تەواو نەك ئاردی سفر، بە بێ جیاكردنەوەی كەپەكەكە)، چەرەزات.

-هەندێك كەس گرفتی ئەوەی هەیە، یان گلەیی ئەوە دەكات كە ئەم خۆراكانەی كە ئاماژەیان پێ كراوە، هەوا (غازات) دروست دەكەن، ئەمە راستە، ئەی چی بكەین؟، بۆ ئەوەی تووشی غازات نەبیت، دەبێ ئەم خواردنانە بە شێوەیەكی بر بر زیاد بكرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئافرەتان پێویسیان بە بڕێكی زیاتر لە ڕیشالەكان هەیە بە بەراورد بە پیاوان.

-بڕێكی باش ئاو خواردنەوە - بۆ زۆربەی زۆری كەسەكان ئەمە یەكسانە بە 6 -8 گڵاس لە ئاو، بەڵام بیرمان نەچی ئەم بڕە دەگۆرێت بە گوێرەی ڕێژەی جوولانەوەمان و پلەی گەرمی دەورووبەرمان، واتە كەسێك كە وەرزش دەكات پێویستی بە بڕێكی زیاتر لەم برە هەیە، هەروەها لە هاویندا پێویستمان بە بڕێكی زیاتر هەیە لەم بڕە.

-ورزشكردن - تەنیا 20 خولەك ڕۆژانە لە ڕۆیشتنێكی تۆزێك خێرا بەسە بۆ هاندانی ڕیخۆلەكان بۆ ئیشكردن.

-یارمەتی كۆئەندامی هەرست بدە بۆ گەیشتن بە سەرئاویییەكی ڕێك و پێك - خشتەیەك بۆ خۆت دابنێ كە ڕۆژانە و بۆ هەموو ڕۆژێك بۆ ماوەی دە خولەك دابنیشی لەسەر توالێت لەهەمان كات هەموو ڕۆژێ. باشترین كاتیش بۆ ئەم كردارە، بەیانیان پاش لەخەو هەڵسانت یان پاش نانخواردنی بەیانیانە.

-بەلاوە نەنانی لەشت - كاتێك لەشت پێت دەلێ كە پێویستە بچیت بۆ سەرئاو، برۆ - قەت نەكەی وەڵامی نەدەیتەوە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی قەبزی. 

دكتۆر هەرمان سابر نانەكەلی
پزیشكی پسپۆری نەشتەرگەری گشتی
بۆرد – دكتۆرا – لە نەشتەرگەری گشتی


هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل