بەرشەلۆنە ئەم بەرگریكارەی دەوێ

:: AM:10:00:16/10/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا بێتە نێو ركابەرییەكان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ڤێرگیل ڤان دیكی بەرگریكاری هۆڵەندی و یانەی ساوتهامتۆنی ئینگلیزی.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی لێڤەرپوول پێشتر لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ڤان دیك، بەڵام یانەی ساوتهامتۆن لەبەرامبەردا داوای یاسایی لە یەكەتیی تۆپی پێی ئینگلیزی تۆمار كردبوو و بەهۆیەوە یانەی لێڤەرپوول ناچار كرابوو لە داواكەی پاشگەز ببێتەوە.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە پلانی داڕشتووە هێڵی بەرگری تیپەكەی بەهێزبكات و لەبەر ئەمەشە چاوی بڕیوەتە سەر ڤان دیك.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یانەی بەرشەلۆنە چەند نێردراوێكی تایبەتی ناردبووە نێو یاریگەی یارییەكەی نێوان هەڵبژاردەی هۆڵەندا و سوێد لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی ساوتهامتۆن ئامادەیی خۆی پێشانداوە ڤان دیك بفرۆشێت، بەڵام بۆ یانەیەكی دەرەوەی خولی نایابی ئینگلیزی و لەبەر ئەمە یانەی بەرشەلۆنە هەلی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئەم بەرگریكارە هۆڵەندییە بەهێزە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م