میسی داوای دوو یاریزانی خولی ئینگلیزی بۆ بەرشەلۆنە كردووە

:: AM:10:20:16/10/2017 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی داوای لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كردووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هەوڵی هێنانی رووی نوێ بۆ یانەكەیان بكەن بەتایبەتیش لە خولی نایابی ئینگلیزییەوە.

رۆژنامەی (دیاریۆ گۆڵ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: میسی داوای لە یانەی بەرشەلۆنە كردووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا دووبارە هەوڵەكانیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی بدەنەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو، بەڵام یانەی لێڤەرپوول رەتی كردبووەوە ئەم ئەستێرە بەڕازیلییەی بفرۆشێ.

میسی هەروەها داوای كردووە یانەكەی هەوڵ بۆ یاریزانێكی تری خولی ئینگلیزی بدەن ئەویش ئەندێ هێرێرای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە رەنگە یانەی مانچستەر یونایتد رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی هێرێرا بدا بەهۆی ئەوەی ئاستی ئەو یاریزانە ئیسپانییەیان لە وەرزی ئەمساڵدا وەك پێویست نییە و دوای هاتنی نیمانیا ماتیچ و بەرزبوونەوەی ئاستی مەروان فیلاینی لە بەشێكی زۆری یارییەكانی یانەكەدا دابڕوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م