كێ خەڵاتی باشترین راهێنەری 2017ی جیهان دەباتەوە

:: AM:11:00:16/10/2017 ‌

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە پێیوایە زێنەدین زێدانی فڕەنسی و راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئەمساڵ خەڵاتی باشترین راهێنەری 2017ی جیهان بەدەست دێنێ.

مۆرینۆ بۆ ماڵپەڕی (تیلیفوت)ی فڕەنسی رایگەیاند: زێدان ئەمساڵ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید باشترین ئاستی پێشكەش كرد و توانی چەندان ناسناو بۆ یانەكە بەدەست بێنێ.

"بۆیە پێموایە خەڵاتی باشترین راهێنەری 2017ی جیهان شایستەیە بدرێ بە زێدان" مۆرینۆ وای گوت.

زێدان پێرێ شەموو یاریی ژمارە 100ی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی خیتافی لە خولی ئیسپانیا ئەنجام دا و یارییەكەشی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بردەوە.

زێدان لەو 100 یارییەدا تا ئێستا 76 یاریی بردووەتەوە و لە 16 یاریشدا یەكسان بووە و 8 یاریشی دۆڕاندووە.

جێی باسە زێدان وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ناسناوەكانی خولی ئیسپانیا، خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، جامی سوپەری ئەوروپا، جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م