رووداوەكانی كەركووك نرخی نەوتی بەرز كردەوە

:: PM:02:16:16/10/2017 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كرد و یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی ئەو بەرزبوونەوەیەش، بۆ دۆخی كەركووك و لەشكركێشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە.

نرخی نەوت لە دوێنێوە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتووەتە سەرووی 58 دۆلار. شەوی رابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و مەترسی بۆ سەر سەرچاوە نەوتییەكان دروست بووە و ئەمەش وای كردووە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا روو لە بەرزبوونەوە بكات.

هەرێمی كوردستان رۆژانە سەرووی 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكات و هەر جۆرە مەترسییەك بۆ سەر هەناردەی نەوتی كوردستان، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، چونكە ئێستە هەرێمی كوردستان بەشێك لە پێداویستی نەوتی دنیا دابین دەكات.

لە دوای ریفراندۆمیش كاتێك مەترسی بۆ سەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست بوو و توركیا هەڕەشەی ئەوەی كرد رێگری لە هەناردەی نەوتی كوردستان دەكات و دوای ئەمەش نرخی نەوت بۆ نزیكەی 60 دۆلار بەرز بووەوە.

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەمڕۆدا تەنیا پێوەندی بە پرسی كەركووكەوە نییە، بەڵكو پێوەندی بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران و تەقینەوەی یەكێك لە تاوەرەكانی نەوت لە ئەمەریكاش هەیە.

دوێنێ هەینی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دووبارە رەخنەی توندی لە ئێران گرت لەبارەی ئەوەی رێككەوتنی ناوكیی جێبەجێ نەكردووە، ئەو نیگەرانییانە پەرەیان سەند كە ئەمەریكا سوور بێت لەسەر سزادانی ئێران و ئەمەش كاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دەبێت.

لە خولی پێشووی سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێران، رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوتی كەركووك كەم كرایەوە و لێكۆڵەرەوان پێشبینی دەكەن لە داهاتووشدا ئەگەر ئەمەریكا بە فەرمی سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەوا هەمان كاریگەریی رابردووی دەبێت.

 لە لایەكی ترەوە لێكۆڵەرەوان باسیان لەوە كردووە كە عێراق بە دووەم گەورەترین هەناردەكەری وڵاتانی ئۆپێك هەژمار دەكرێت و بۆیەش دۆخی تەناهی عێراق و ئەو ئاڵۆزییەی لە پارێزگای دەوڵەمەند بە نەوتی كەركووك هاتووەتە كایەوە، كاریگەریی خستووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

لە لایەكی ترەوە یەكێك لە تاوەرەكانی نەوتی ئەمەریكا لە دەریاچەی لویزیانا تەقییەوە و بەهۆی ئەم رووداوەش جگە لە كاركەوتنی بەرهەمهێنانی نەوت شەش كەس بریندار بوون.

لە چەند ساڵی رابردوودا بەرزبوونی ئاستی خستنە ڕوو بەرامبەر بە ئاستی داخوازی نرخی نەوتی لە سەرووی 100 دۆلارەوە بۆ خوارووی 30 دۆلار دابەزاند، بەڵام دوای ئەو رێككەوتنەی ساڵی رابردوو وڵاتانی ئەندامی ئوپێك كردیان نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد.

ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە بە بێ ئەم رووداوانەش ئاستی داخوازی نەوت لە ئاستی جیهانیدا بەرز یبووەتەوە و خۆی بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی یارمەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەدات و كاتێكیش رووداوی هاوشێوەی سزادانی ئێران یان كێشە لە هەناردەی نەوت لە شوێنێك دێتە كایەوە ئەوا نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوە دەكات.

ئەوەی بووەتە هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی نەوت، گەشەی ئابووری چینە و بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە بڵاوی كردووەتەوە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ئاستی گەشەی ئابووری چین بە 7% تۆمار دەكرێت.

تێكڕای نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئاداری ئەمساڵ 55 دۆلار و 50 سەنت بووە. دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك لە 30 مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەگەر نا پێشتر لە خوارووی 45 دۆلار دەفرۆشرا و سەرەتای ساڵی 2015ەش بۆ نزیكەی 27 دۆلار دابەزیبوو.

لە سەرەتای ساڵی 2014 نرخی نەوت لە سەرووی 110 دۆلار دەفرۆشرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش سەری هەڵ دا و تا كۆتای ساڵەكەش نەوت رووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینە بەردەوام بوو تا كۆتای ساڵی 2015، لە یەكەم مانگی ساڵی 2016دا گەیشتە نزمترین ئاست و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 27 دۆلار دەفرۆشرا.

یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وای كردووە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا داببەزێت، پێوەندی بە بەرهەمهێنانی نەوتی شێل یان لیتەییش هەیە. ئۆپێك لەوە تێگەیشتووە كە ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەوە زیاتر كەم بكاتەوە ئەوكات نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

دابەزینی نرخی نەوت زۆرێك لەو وڵاتانەی تووشی تەنگژەی دارایی كرد كە بە تەنیا پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستن. یەكێك لەو شوێنانە كوردستانە و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت زیانی بەركەوت.




وشە - سلێمان تاشان