بە داتا و ژمارە.. میسی و سوارێز مەترسیدارترین هێرشبەرن

:: AM:10:18:08/11/2016 ‌

بەگوێرەی ئەو داتا و ژمارانەی رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردووەتەوە هەردوو هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە لیۆنێل میسیی ئەرجەنتینی و لویس سوارێزی ئۆرگوایی مەترسیدارترین هێرشبەری جیهانن.

پێرێ یەكشەم هەردوو هێرشبەرەكە لە یارییەكەی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی سڤیلییە لە گەڕی 11ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا، گۆڵیان تۆمار كرد و سەركەوتنیان پێشكەش بە یانەكەیان كرد بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ.

بەمەش ئەمە بووە 24مین یاریی كە تێیدا هەردوو هێرشبەر بتوانن لە یارییەكدا بەیەكەوە گۆڵ تۆمار بكەن.

دوای ئەوەی سوارێز لە هاوینی 2014 لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، یەكەم یاریی لە 25ی تشرینی یەكەم (مانگی 10)ی هەمان ساڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام دابوو.

لەدوای ئەوە وادەیەوە هەردوو هێرشبەرەكە لەگەڵ نیمار دا سیلڤای هێرشبەری بەڕازیلی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرییان لەسەرتاسەری جیهان دروست كردووە.

سوارێز و میسی لە 2014وە تا ئێستا لە 24 یارییدا بەیەكەوە گۆڵیان تۆمار كردووە، لە وەرزی 2014-2015 لە یەكەم وەرزی یاریكردندا لە 9 یارییدا بەیەكەوە گۆڵیان تۆمار كردبوو، لە وەرزی دوای ئەویش 10 گۆڵیان بەیەكەوە تۆمار كردبوو، لەوەرزی ئەمساڵیش دوای ئەنجامدانی 11 یاری، تا ئێستا لە 5 یارییدا بەیەكەوە گۆڵیان تۆمار كردووە لە یارییەكانی بەرامبەر یانەكانی ریال بیتیس، لیگانیس، دیپۆرتیڤۆ، ڤالێنسیا و دواجاریش سڤیلییە.

جێی باسە سوارێز مانگی رابردوو لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی پێدرا وەك گۆڵكاری خولی ئیسپانیا و گۆڵكاری خولە گەورەكانی ئەوروپا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م