ئامۆزاكەی دەستدرێژی دەكاتە سەر
كێشەی دوو خێزان "مینا" دەكاتە قوربانی

:: PM:07:05:16/10/2017 ‌
بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی دوو خێزانەوە، كچیك دەبێتە قوربانی و لەلایەن ئامۆزاكەی، كە بە پیلانی خۆشەویستیی لێی نزیك دەبێتەوە، بەڵام دواتر دەستدرێژی دەكاتە سەر و ئێستەیش لەو كارە خۆی بێبەری پیشان دەدات.

مینا ئەو كچەیە، كە بووەتە قوربانی كێشەیەك تا ئێستە نازانێت هۆكارەكەی چییە و كێشەكە لە نێوان خێزانی خۆی و ماڵی مامیدا هەبووە، ئەو ئێستە لە داڵدەی ئافرەتان لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی كێشەكەی دایە، "مینا" باسی كێشەی خۆی بۆ"وشە" دەكات و دەڵێت، زیاتر لە دوومانگە ئەو كێشەیەی بەسەر هاتووە و لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی دایە.

"لەگەڵ ماڵی مامیدا پێوەندیمان باش نەبوو لە دوای مردنی باوكم و مامم بەهۆی كێشەی میراتی هیچ پێوەنیدمان نەمابوو، كوڕی مامم زۆر هەوڵیدا و بە هەموو شێوازێك خۆی لێنزیك كردمەوە چەند مانگێك هەوڵیدا تا ڕازیم بكات، سەرەتا بەڵێنی هاوسەرگیری پێم دا، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و ژیانی هەمووی تێك دام" مینا وا دەڵێ‌.

زیاتر گوتی، ماوەیەك بەیەكەوە بووین، دوای ئەوەی وێنەی خۆم دایە و مۆبایلی بە دزی ماڵەوە بۆ هێنام و قسەمان كرد، نێوانمان زۆر خراپ بوو، هەمووكات قسەی ناشرینی پێ دەگوتم نەك هەر بەخۆم بە دایكی و براكانیشم هەڕەشەی لێ دەكردم بە وەی، كە ئابڕووم دەبات بە وێنەكانم.

مینا دەڵێ‌، هەمیشە پێی دەگوتم دەبێت كارێك بكەم براكانت نەتوانن سەریان بەرزبكەنەوە لە ناو خەڵكیدا، من تۆم خۆشدەوێت بەڵام دەبێت ئابڕووی ئەوان ببەم.

مینا باسی ئەو كاتە دەكات، كە ئامۆزاكەی دەستدرێژی كردووەتە سەر و دەڵێت، داوای كرد یەكتری ببینین، كاتێك چومە لای هێرشی كردە سەرم، زۆری لێدام دواتریش پەلاماری دام، بە زۆر كردمی بەژن.

لەدوای ئەو بابەتە، مینا ناگەڕێتەوە ماڵی باوكی و ڕاستەوخۆ دەچێت سكاڵا لەسەر ئەو كوڕە تۆمار دەكات، ئەو بۆ داڵدەی ئافرەتان دەبەن.
 خالید ئامۆزاكەی مینایە، كە دەستدرێژی كردووەتە سەری و لەسەر سكاڵاكەی مینا دەگیرێت،  خێزانەكەی میناش دەڵێن یان دەبێت خالیدی ئامۆزایان كچەكەیان مارە بكات و كێشەكە كۆتایی پێ بێنن یان دەبێت هەردووكیان بكوژرێن.

مینا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی كێشەكەی دایە و نازانێت داهاتوو چی لێ بەسەر دێت، لە داڵدەی ئافرەتانیش بە دواداچوون بۆ كەیسەكەی بەردەوامە و ڕێكارە یاسایەكان بۆ چارەسەری  گیراونەتە بەر.

سەبارەت بە سزایی یاسایی بۆ ئەو تاوانەی بەرانبەر بە مینا كراوە، پارێزەر برزۆ سەعید  لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" ڕای گەیاند، ئەم تاوانە دەچێتە ژێر باری مادەی (٣٩٣_٣٩٤) لە یاسایی سزاكانی عێراقی و مادەی (٣٩٣) دەیگرێتەوە، چونكە مینا تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵە و دەستدرێژی كراوەتە سەر، تاوانبار سزا دەدرێت بە سزایەكی قورس ئەویش گرتنی كە ماوەكەی پێنج بۆ15 ساڵ زیندانی دەبێت.

سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی  (مینا) بەڕێگەی هاوسەرگیری ئەو پارێزەرە گوتی، ئەگەر بێت و هاوسەرگیری بكەن، هەموو لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بەو كەیسە ڕادەگیرێن و لە دادگە مارە دەكرێن، بەڵام بەمەرجی ئەوەی تا سێ ساڵ نابێت بەهۆكاری (خالید) و داواكاری ئەو لەیەكدی جیا ببەنەوە، بەڵام ئەگەر (مینا) داوای جیابوونەوە بكات لەو ماوەیەدا كە دادگای دیاری كردووە، ئەوا جیابوونەوەكە ڕوو دەدات، بێ ئەوەی هێچ كێشەیەك بۆ (خالید) دروست ببێت.

ئەو پارێزەرە  ئاماژەیشی بەوە دا،  دوای تەواوكردنی وادەی یاسایی كە  سێ ساڵە ئەگەر لەیەكدی جیاببنەوە یاخود بەیەكەوە بژین، ئەو تاوانە بەهەموو شیوەیەك لە ئەستۆیی تاوانكار كە (خالیدە) نامێنێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان





وشە - سه‌رخێڵ هاشم