نەوەی دووەمی تاڵەبانی دەسەڵاتی یەكێتی دەگرنە دەست

:: AM:08:31:17/10/2017 ‌
ڕۆژی سێی ئەم مانگە مام جەلال سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرلین كۆچی دوایی كرد، بە گوێرەی پێڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە تا كۆنگرەی نائاسایی دەبەسترێ كۆسرەت ڕەسول سكرتێری حزب دەبێ و لە كۆنگرەیش زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە نەوەی دووەمی تاڵەبانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و دەسەڵاتی یەكێتی دەگرنە دەست.

كۆسرەت ڕەسول دەبێتە سكرتێر
بە پێی مادەی 28 و لە بڕگەی یەكی پێڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا هاتووە، لە كاتی لە كارنەمانی سكرتێری گشتی بە هەر هۆیەك بێت، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێ كۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت. هەروەها لە بڕگەی دووەمی هەمان مادەیشدا هاتووە، "جێگری سكرتێری گشتی تا بەستنی كۆنگرەی نائاسایی ئەركەكانی سكرتێری گشتی جێبەجێ‌ دەكات".
لەو بڕگەیەوە كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی دەبێتە سكرتێری ئەو حزبە بە دەسەڵاتەكانی تا بەستنی كۆنگرە، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ ڕەواندنەوەی بەشێك لە گلەیییەكان لە ماوەی ئەو دوو مانگە یان ماوەیەكی زیاتر كە پێویستیانە بۆ بەستنی كۆنگرە، كۆسرەت ڕەسووڵ دەكەنە سكرتێری گشتی یەكێتی، بەڵام دواتر لە كۆنگرە خۆیان تەواوی دەسەڵاتی یەكێتی دەگرنە دەست.

ماڵی تاڵەبانی لە كۆنگرە یەكێتی دەگرنەوە دەست
یەكێتی تا ئێستە سێ كۆنگرەی بەستووە و بڕیاربوو لە 2013 كۆنگرەی چوارەم ببەستێ، بەڵام بۆ 2014 دواخراوە و تا ئێستەیش كۆنگرەكە نەكراوە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەرچوونی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی بە تەواوی ڕێگەی بۆ باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆش كردووە، تا لە دوای تاڵەبانی بە فەرمی و لە ڕێی كۆنگرە و هەڵبژاردنەوە بە تەواوی یەكێتی بگرنە دەست، پێشبینی دەكرێ بە زووترین كاتیش یەكێتی كۆنگرە ببەسترێ، چونكە ئێستە مام جەلال كۆچی دوایی كردووە  و پێویستییەكی هەنووكەییە كۆنگرە ببەسترێ و باڵی زۆرینەیش ترسی نییە لە بەستنی كۆنگرە بەهۆی دەرچوونی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی، بۆیە لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرە دەبێ لە زووترین كات دا.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" ئێستە لە ناو یەكێتی و پشكی یەكێتی لە حكوومەتی كوردستان و عێراق نزیكەی 10 پۆست و پلەی گرنگ بە دەست خانەوادەی جەلال تاڵەبانی و ماڵی برایم ئەحمەدە،سەرچاوەیەك بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، كە لە كۆنگرەی داهاتوو سەرجەمی ئەو كەسانە بە پۆست و پلەی بەرزەوە دێنە ناو یەكێتی، ئەوانیش بریتین لە "هێرۆ برایم ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی، بافل تاڵەبانی، پوڵاد تاڵەبانی، لاهور تاڵەبانی، ئاسۆ شێخ جەنگی، ئاواز شێخ جەنگی، بێگەرد تاڵەبانی، ئاڵا تاڵەبانی، شانازی خوشكی هێرۆ برایم ئەحمەد و كەسانی تری ماڵی برایم ئەحمەد دەهێنرێنە پێشەوە.

سكرتێری داهاتوو كێ دەبێ؟
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، لە كۆنگرەی داهاتوو، ئەگەری زۆرە قوباد تاڵەبانی یان بافلی كوڕی تاڵەبانی بێنە پۆستی سكرتێرەوە، بەختی قوباد تاڵەبانی زیاترە و باڵی زۆرینە لە زووەوە ناسناوی مامی بچووكیان پێ دا و وەك ئامادەكارییەك بۆ گرتنەوەی شوێنی مام جەلال، ئەگەر هاتوو ناڕەزاییش دروست بێ لە نێو یەكێتی، ئەوا بەدڵنیاییەوە كەسێك دەبێتە سكرتێر كە بە تەواوی لە ژێر دەستی ماڵی تاڵەبانی بێ.

دۆخی یەكێتی جێگیر دەبێ
پێشبینی دەكرێ دوای تاڵەبانی و نەمانی بەرهەم ساڵح باڵەكانی یەكێتی بۆیەكتر بێنەوە و دۆخی ئەو حزبە جێگیرتر بێ لە ماوەی پێشوو.
عەبدولكەریم ئەحمەد مامۆستای كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، بارودۆخی یەكێتی دوای وەفاتی تاڵەبانی بەتایبەت كە بەرهەم ساڵح دوور كەوتووەتەوە بەو جۆرە خراپ نابێت كە پێشبینی دەكرێت.
ئەو گوتی، "ناكۆكترین باڵەكانی یەكێتی بریتی بوون لە باڵی بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئێستە بەرهەم ساڵح بە ڕەسمی لەناو یەكێتیدا نەماوە و ئەو باڵەی تریش هەرچی بوێت لە سوودی خۆی كۆتای پێی دێنێت، هەر لە بەستنی كۆنگرەوە تا دیاریكردنی سكرتێری گشتی و دروستكردنی بڕیار لە ناو حزبەكەدا."

جاری لە ماتەمداین
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لەوە كرد، ئێستە كەس باسی شوێنگرەوەی مام جەلال ناكات و دواتریش هەمووان یەكێتی ناو یەكێتی دەهێنینەدی.
ئیبراهیم جەلال ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە "وشە"ی گوت، "یەكێتی ئێستە لە ماتەمدایە و هیچ ئەندام و كەسێكی باسی جێگرتنەوەی تاڵەبانی ناكات."
ئاماژەی بەوەش دا، یەكێتی حزبی سەردەمە و هەركاتێك پێویست بێت كۆنگرە دەبەستێت و ڕەتیشی كردەوە وەفاتی تاڵەبانی كێشەكانی یەكێتی قووڵتر بكاتەوە و دەڵێت، "مەرگی تاڵەبانی دەبێتە هەوێنی پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی."



وشە - باز ئه‌حمه‌د